خواردنی دوو سۆسج هەفتەیەکدا تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە خواردنی گۆشتە دەستکاریکراوەکان ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک زیاددەکات.
مەبەست لە گۆشتی دەستکاریکراو ئەوەیە کە تێیدا بۆ تەمەندرێژ هێشتنەوەی گۆشتەکە هەندێک گۆڕانکاریی تێدا دەکرێ، وەکوو لەقوتونان، وشککردنەوە، خوێکردن و دووکەڵکردن و چەندینی دیکە، بەڵام هەڵگرتن لە بەفرگردا گۆشتەکە ناکاتە گۆشتی دەستکاریکراو.
گۆشتە دەستکاریکراوەکان زیاتر لە کەلتووری رۆژئاواوە سەرچاوەیان گرتووە و بەشێوەی جیاواز هەن، وەکوو؛ سۆسج، هۆتدۆگ، سالامی، گۆشتی لەقوتونراو و ئەو شێوازانەی دیکەی گۆشت هەڵگرتن، جگە لە هەڵگرتن لە بەفرگردا.
توێژینەوە نوێیەکە پشتی بە داتای وەرگیراو لە 260 هەزار خانم بەستووە و بۆی دەرکەوتووە خواردنی رۆژانەی زیاتر لە 9 گرام گۆشتی دەستکاریکراو، ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک بە راددەی 20% زیاددەکات. ئەو بڕەش واتە کەسێک هەفتانە دوو سۆسج بخوات! یان هاوتای ئەو بڕە لە شێوازەکانی دیکەی گۆشتی دەستکاریکراو.
بەڵام تیمەکە پەیوەندییان نەبینییەوە لەنێوان خواردنی گۆشتی سوور (فرێش) و تووشبوون بە شێرپەنجەی مەمک.
توێژینەوەکە لەلایەن پسپۆڕانی زانکۆی گلاسگۆ لە بەریتانیا ئەنجامدراوە و لە جۆرناڵی زانستی "European Journal of Cancer" بڵاوبووەتەوە.