رۆژی جیهانی ماچ

رووداو- هەولێر

ئەمڕۆ شەممە 6-7-2013 رۆژی جیهانی ماچکردنە. ماچ، دیاردەیەکی مرۆڤکردە و جار جارەش لەنێو ئاژەڵەکاندا بەشێوەی تایبەتی خۆیان دەبینرێ، ساڵەهایە زانایان لەسەر هۆکاری پەرەسەندنی ماچ لەنێو فەرهەنگە جۆراوجۆرەکان لێکۆڵینەوە دەکەن.

ماچکردن لە هەموو کلتوورەکاندا جیا لە شێوازی ماچکردنەکە، کردەیەکە بۆ خۆشەویستی و عەشق.

هەر لە زیگمۆند فرۆیدەوە، کە ماچکردن بە غەریزەیەک دەزانێت، کە ریشەکەی لە شیر خواردنی منداڵ لە مەمکی دایکییەوە دەسپێدەکا تا دزمۆند مۆریس ئاژەڵناسی بەریتانی، کە پێی وایە بنەڕەتی ماچ لە پێدانی خۆراک بە شێوەی دەم بە دەم لە لایەن دایکەوە هاتووە.

بەڵام ئەمڕۆ ماچکردن بووەتە دیاردەیەک بۆ نیشاندانی هەست و خۆشەویستی مرۆڤەکان بەرامبەر بە یەک، کە شێوازەکانیان جۆراوجۆرن.