سەدان هەزار کەس لە مەترسیی مردنی کتوپڕدان
رووداو- BBC
کۆمەڵەی دڵی بەریتانی دەڵێ لەو وڵاتە دەوروبەری 620 هەزار کەس جینی ئەوتۆیان هەیە کە دەیانخاتە بەردەم مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و مردنی کتوپڕ و زۆربەشیان هیچ ئاگاداری ئەو مەترسییە نین.
کۆمەڵەکە دەڵێ ئێستا لە جاران زۆرتر پشکنین هەن بۆ دیاریکردنی چەوتییە جینییەکانی مرۆڤ. ئەو کەسەی باوکی نەخۆشییەکی بۆماوەیی دڵی هەیە، 50% ئەگەری هەیە خۆیشی ئەو نەخۆشییەی بۆ بگوازرێتەوە.
کۆمەڵە قازانج نەویستەکە دەڵێ دوورنییە ماوەی راستەقینەی ئەوانەی چەوتیی جینییان هەیە، زۆر لەوە زۆرتر بێ کە خەمڵێنراوە، چونکە هەندێک ناڕێکیی جینی هەن کە رەنگە بە تەکنیکە تاقیگەییەکانی ئێستا دەستنیشان نەکرێن.
هەموو هەفتەیەک لە بەریتانیا دەوروبەری 12 کەسی گەنجتر لە تەمەنی سێ ساڵ بەهۆی وەستانی کتوپڕی دڵ دەمرن، بێئەوەی بە وردی بزانرێ هۆکارەکەی چییە. رەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەوە نەخۆشییەکی دەستنیشاننەکراوی دڵ بێت.
تاوەکو ئێستا بەهۆی توێژینەوەی پزیشکییەوە، بەشێک لەو جینە چەوتانە دەستنیشان کراون کە رێگە خۆش دەکەن بۆ تووشبوون بە نەخۆشییە بۆماوەییەکانی دڵ، بەڵام کۆمەڵەی دڵی بەریتانی دەڵێ هێشتا زۆر شت هەن بزانرێن لەبارەی چەوتیی جینەکان و سرووشتی کاریگەرییان.
نەخۆشییە بۆماوەییەکانی دڵ:
- چەندین کەس هەن ئەو نەخۆشییانەیان هەیە بەبێ ئەوەی نیشانەیەکی تایبەتیان هەبێ، بەڵام هەندێکی دیکە چەند نیشانەیەکیان لێ دەردەکەوێ، وەکوو گێژبوون، دڵەکوتە و چاوبەڕەشداهاتن.
- پشکنینی پێشوەختەی جینی دەتوانێ دەستنیشانی بەشێک لەو حاڵەتانە بکات.
- هەندێک کەس زۆرتر پێویستە پشکنینی دڵ بکەن، ئەوانیش بریتین لە: ئەوانەی کەسێکی تووشبوو بەو نەخۆشییانە لە خێزانەکەیاندا هەن، بوونی حاڵەتی مردنی پێشوەختە و لەناکاو لە خێزاندا، سنگئێشە و جەڵتەی دڵ لە کەسانی گەنجی نێو خێزاندا روویدابێت.
- زوو دەستنیشانکردنی ئەو نەخۆشییانە، ئەگەری مردن و ئاڵۆزکاری بەشێوەیەکی بەرچاو کەم دەکاتەوە.
- هەر گومانێکت هەبوو، راوێژ بە پزیشک بکە.