کەمکردنەوەی رووناکی شاشە دەبێتەهۆی باشکردنی خەو


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ دەڵێ بڕی ئەو شەپۆلە رووناکییە شینەی لە شاشەی ئامیرە ئەلیکترۆنییەکانەوە دەردەچێ، کار لە کواڵیتی خەوی بەکارهێنەرانی ئەو ئامێرانە دەکات.


تیمێکی توێژەر لە زانکۆی هیوستنی ئەمریکا لێکۆڵینەوەیان کرد لەبارەی کاریگەریی ئەو شەپۆلە شینە رووناکییەی لە شاشەی دیسکتۆپ، لاپتۆپ، تابلێت و سمارتفۆنەکانەوە دەردەچێ لەسەر خەوی ئەو کەسانەی ئامێرەکان بەکاردێنن.

داوا لە بەشێک لە بەشدارانی توێژینەوەکە کرا سێ کاژێر بەر لە نووستن چاویلکەیەکی ئەوتۆ بپۆشن کە فیلتەری رێگری لە شەپۆلی شینی دەرچوو لە شاشەکانی تێدایە.

لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەی چاویلکەکەیان پۆشیوە، ئاستی هۆرۆنی خەو (میلاتۆنین)یان بە راددەی 58% زیادیکردووە، هەروەک خەویان ئارامتر بووە و 24 خولەکیش زۆرتر لە جاران نووستوون.

ئێستا کۆمپانیای (ئەپڵ) بژاردەی (نایت شفت)ی بۆ سەر ئامێرە زیرەکەکان زیادکردووە، کە بە هەڵبژرادنی، رووناکی شینی دەرچوو لە شاشەی ئامێرەکەوە کەمدەکات.