كێشە تەندرووستییەكانی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر دەزانن؟
رووداو - aftab
كۆمپیوتەر زۆر كارمان بۆ ئاسان دەكات، ئەمەش وایكردووە خەڵك بۆ زۆربەی كارە رۆژانەكانیان بەكاری بهێنن و ئەو ئامێرە بەناوبانگە لە ئۆفیسەكان، قوتابخانەكان، زانكۆكان و نەخۆشخانەكان و تەنانەت لە ماڵەوەش كاری زۆری پێ دەكرێت . بەڵام بەكار هێنانی بەردەوامی كۆمپیوتەر كاریگەری خراپی زۆرە بۆ تەندروستیمان .
كێشەی بینایی
بەكارهێنانی كۆمپیوتەر بۆ ماوەیەكی درێژ لەوانەیە ببێتە هۆی كێشەیەكی بینایی، كە پێی دەگوترێت (سەندرۆمی بینایی كۆمپیوتەر). كاتێك ئێمە بۆ خوێندنەوەی بابەتەكان چاو دەبڕینە شاشەی كۆمپیوتەر لەبەر ئەوەی رێژەی كۆنتراست و كوالیتی نووسینەكان وەك نووسینی چاپكراو نییە، فشارێكی زیاتر لە پێویست دەخاتە سەر چاوەكانمان، بۆیە ئەو بەكارهێنەرانەی كۆمپیوتەر زیاد لە پێویست بەكار دێنن پاش ماوەیەك تووشی (سەندرۆمی بینایی كۆمپیتەر) دەبن .
هەست كردن بە قورسایی لەسەر چاو، لێڵ بینین ، سەرئێشە و وشكبوونی چاو لە هێماكانی تووشبوون بەو نەخۆشییەن . ئەو هێمایانە كاتینو لەو كاتانەی لە كۆمپیوتەر دووردەكەوینەوە كەمتر دەبنەوە .
كێشە فیزیكییەكان
زۆربەی ئەو بەكارهێنەرانەی بۆ ماوەیەكی درێژ كۆمپیوتەر بەكاردێنن تووشی سەرئێشە و ئازاری مەچەك و باسكەكانیان دەبن . ئەو ئازارانە ئەنجامی دانیشتنی ناتەواوە لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر یاخود دانیشتنی هەڵە لەكاتی بەكارهێنانی كیبۆرد . بەڵام هەندێك جاریش لەبەر ماندووبوونی زۆری ماسولكەكان ئەو ئازارانە دروست دەبن ، كەواتە لەكاتی بەكارهێنانی كۆمپیوتەر دەبێت بەئاگا بیت جۆری دانیشتنت راست بێت و لانیكەم كاژێری جارێك پشوو بدەن .
تیشكە زیانبەخشەكان
زۆربەی مۆنیتۆرەكان سیستەمی تیشكی كاتۆدی بەكاردێنن و لە ئەنجامدا تیشكی ئێكس بڵاو دەكەنەوە و تەندروستیمان دەخەنە مەترسییەوە.
مانەوە بۆ ماوەیەكی زۆر بەرامبەر تیشكی مۆنیتۆر دەبێتە هۆی شێرپەنجە و وەرەم و لەبارچوونی منداڵ و سەرئێشە و كەمخەوی . كەواتا دیاریكردنی كات بۆ مانەوە لەسەر كۆمپیوتەر و مانەوە لە دوورییەكی دیاریكراو لە كاریگەرییەكانی ئەو تیشكە دەمانپارێزێت .
ئالوودەبوون
ئێوە بە بەكار هێنانی كۆمپیوتەر دەتوانن زانیاری و سەرگەرمی زۆرتان دەست بكەوێت، ئەو كەسانەی كە بۆ دەستكەوتنی ئەو زانیارییە زۆرانە و ئەو سەرگەرمییانە كۆمپیوتەر بەكاردێنن ، زۆرجار تووشی ئالودە بوون دەبن . بۆ نموونە كەسێك رەنگە رۆژانە گوتارە جۆراوجۆرەكان بخوێنێتەوە و یاری ئۆنلاین ئەنجام بدات و لەگەڵ هاورێكانی چات بكات، بەمەش تووشی ئالودە بوون دەبێت بە بەكار هێنانی كۆمپیوتەر و ئەوەش وا دەكات ئەو كەسە لە خێزان و هاورێكانی دوور بكەوێتەوە.