دوای حەوتی ئێوارە نان مەخۆن

رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەكی نوێ دەریخستووە خواردنی نانی ئێوارە لەماوەی دوو كاژێری نووستن لە خواردنی خۆراكی سوێر زیانمەندترە.

لە توێژینەوەكەدا خەمڵاندن بۆ 700 كەسی تووشبوو بە بەرزی فشاری خوێن كراوە، لەڕووی پێكهاتە و كاتی خواردنیانەوە.

توێژینەوەكە لەلایەن زانكۆیەكی توركییەوە ئەنجامدراوە و تێیدا لێكۆڵینەوە كراوە لەسەر جۆری خواردن، بڕی خوێ لە خۆراكدا، نان(ژەم)ی بەیانی خوراوە یان نا و كەی ژەمی ئێوارە خوراوە؟

توێژەرەكان بۆیان دەركەوت خراپترین نەریتی خۆراك بۆ تووشبووانی بەرزی فشاری خوێن، ئەوەیە كەسەكە شەوان درەنگ ژەمێك بخوارت.

پزیشكانی پسپۆڕی دڵ لە كۆنفرانسێكی زانستیی جیهانیی لە ئیتاڵیاوە گوتیان ئەو توێژینەوە نوێیە دەریدەخات رەنگە كاتی خواردنی ژەمەكان هێندەی پێكهاتەی ئەو ژەمانە گرنگبێ. 

توێژەرەكان بۆیان دەركەوت نەریتی هەرە تەندروستانە ئەوەیە دوو ژەمی باش لە بەیانی و نیوەڕۆ بخورێن و ژەمی ئێوارەش سوكەژەمێك بێ و بەر لە كاژێر حەوتی ئێوارە بخورێ.

بەرزی فشاری خوێن گرفتێكی گەورەی جیهانییە، بە جۆرێك چواریەكی كەسانی پێگەیشتوو پێیەوە گرفتارن.

نزیكەی 40%ی تووشبووان گرفتێكی سەرەكییان ئەوەیە شەوان فشاری خوێنیان بەرزدەبێتەوە و بە ئاسانی كۆنترۆڵ ناكرێ، ئەوەش ئەگەری تووشبوونیان بە جەڵتەی دڵ و مێشك زۆر زیاددەكات. توێژەرە توركەكان بۆیان دەركەوتووە ئەوانەی درەنگ ژەمی ئێوارە دەخۆن، دوو هێندەی ئەوانی دیكە ئەگەری ئەوەیان هەیە شەوان فشاری خوێنیان كۆنترۆڵ نەكرێ.

لە توێژینەوەكەدا ئەوانەی زوو ژەمی ئێوارە دەخۆن، ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزیی فشاری خوێن لە شەواندا 14.2% بوو، كەچی ئەوانەی دەوروبەری 2 كاژێر نووستن ژەمی ئێوارەیان خواردبوو، ئەو ئەگەرە تێیاندا 24.2% بوو.

لێكدانەوەی توێژەرەكان بۆ ئەو حاڵەتە ئەوەیە، خواردنی ژەمی ئێوارە لە كاتێكی درەنگدا، وا لە جەستە دەكات لە حاڵەتی هۆشداریدا بمێنێتەوە و بڕێكی زۆر لە هۆرمۆنەكانی فشار دەربدات، ئەوەش فشاری خوێن بەرزدەكاتەوە. جگە لەوەش، درەنگكەوتنی ژەمی ئێوارە، دەبێتەهۆی تێكدانی كاتژمێری بایۆلۆجی جەستە.

لە توێژینەوەكەدا نەخواردنی نانی بەیانیش رۆڵی هەبووە لە كۆنترۆڵنەبوونی فشاری خوێنی شەوان.

ماڵپەڕی ئیندیپێندنت، ڤێرژنی ئێرلەندا، ئاماژەی بە توێژینەوە نوێیەكە كردووە.