هەموو شتێک دەربارەی شۆڕبوونەوەی مەمک


رووداو- پزیشكی تۆ

شۆڕبوونەوەی مەمک سکاڵا و گرفتی بەشێكی زۆری خانمانە، بەتایبەت ئەوانەی کە شیردەدەن یان کێشێکی زۆری جەستەیان دابەزاندووە. 

زۆربەی خانمان لەگەڵ چوونە تەمەن تووسی ئەم گرفتە دەبن وبەبێ ئەوەی منداڵی شیرەخۆریان هەبووبێت، دووگیان بووبن یان کێشیان دابەزاندبێت. چونکە شانەکانی مەمک ئەگەری شۆڕبوونەوەیان هەیە لەکاتی بەساڵاچوون، بەڵام هەندێك گۆڕانکاری لە شێوازی ژیان، دەتوانێت گرفتەکە کەمبکاتەوە. 

بۆچی مەمک شۆڕدەبێتەوە؟
مەمکی خانمان لە چەندین شانەی جیاواز پێکهاتووە کە هەریەکەیان فرمانی جیاوازی هەیە، کە بریتین لە رژێنەکانی مەمک، بۆڕییەکانی شیر، شانەی چەوری و بەستەرەکان.

قەبارە و گۆڕانکاری لە مەمک پەیوەستە بە گۆڕان لە شانە چەوری و شانەکانی دیکەی دەوری مەمک. 

بەستەرەکانی کۆپەر شانەی بەیەکەوەبەستنن و پاڵپشتی مەمک دەکەن، ئەوکاتەی ئەم بەستەرانەی ژێر مەمک دەنوشتێنەوە، شانەکان دێنە خوارەوە و مەمک شۆڕدەبێتەوە. 

مەمک لە هەموو خانمان بەپێی کات شۆڕدەبێتەوە، بەبێ گوێدانە قەبارە و شێوازەکەی، کە بەپێی شوێنی گۆی مەمک پێوانە دەکرێت، چەندە گۆی مەمک بێتە خوارەوە، پێوانەی شۆڕبوونەوە زیاتر دەبێت. بەجۆرێك لە قۆناخە کۆتاییەکان گۆی مەمک تەواو رووی دەکاتە زەوی. 

چەندین فاکتەری جیاواز هەن کار لەسەر خێرا گۆڕانی شێواز و شۆڕبوونەوەی مەمک دەکەن کە بریتین لە جگەرەکێشان، ژمارەی دووگیانبوون، قەبارەی مەمک، کێش، بۆماوەیی و قەڵەوی و دابەزاندنی کێش. 

ئەو خانمانەی لەدوای تەمەنی بێهیوایین و کۆلاجینیان کەمە، ئەگەری شۆڕبوونەوەی مەمکیان زیاترە. 

هەندێك کەس پێیانوایە شیردانی سرووشتی زۆرتر هۆکارە بۆ شۆڕبوونەوەی مەمک، بەڵام توێژینەوەی زانستی دەریخستوە کە شیری خۆیان بە مندالەکانیان داوە کەمتر مەمکیان شۆردەبێتەوە، یان هەر شۆڕنابێتەوە. 

هەروەک هەندێك کەس پێیانوایە بەستنی ستیان مەمک لە شۆڕبوونەوە دووردەخاتەوە، بەڵام ئەمە وانییە و وازهێنان لە ستیان، رێگەیەکی دوورکەوتنەوەیە لە شۆڕبوونەوە مەمک. 

چارەسەری شۆڕبوونەوەی مەمک

1- وازهێنان لە جگەرەکێشان
جگەرەکێشان مەترسی شۆڕبوونەوەی مەمکەکان زیاددەکات، بۆ دوورکەوتنەوە لە شۆڕبوونەوە و کاریگەرییەکانی، واز لە جگەرەکێشان بهێنە، چونکە جگەرەکێشان جیڕی پێست کەمدەکاتەوە و چرچی دروستدەکات، بەمەش مەمک زۆرتر شۆڕدەبێتەوە. 

2- ستیانی پاڵپشتیکەر
هەندێک کەس پێیانوایە ستیان رێگە لە شۆڕبوونەوەی مەمک دەگرێت، بەڵام لە راستیدا بەستنی ستیان وادەکات مەمک شێوازێکی تایبەت وەربگرێت و بەهیچ جۆرێك رێگە لە شۆڕبوونەوە ناگرێت. 

هەرچەندە ستیانی ئاسایی رێگە لە شۆڕبوونەوە ناگرێت، بەڵام هەندێكجۆری ستیان کە وەرزشی و تایبەتن، رێگە لە زۆر جوڵانیان دەگرێت و مەترسی پچڕان و دڕانی بەستەرەکان و شانەکانی مەمک دەکات. 

3- بەرزکردنەوەی قورسایی
مەمک هیچ شانەیەکی ماسولکەیی تێدانییە، بەڵام ماسولکەی پێکتۆراڵ راستەوخۆ دەکەوێت ژێر مەمک، لەکاتی بەرزکردنەوەی قورسایی کە فۆکەسی زۆرتری لەسەر ئەم ماسولکانەیە، مەمک بەرزتر دەردەکەوێت. 

4- دابەزاندنی کێش
خانمان ئەوانەی قەڵەون زۆرتر و زووتر تووشی شۆڕبوونەوەی مەمک دەبن، لەگەڵ ئەوەشدا دابەزاندنی کێش بە خێرایی هۆکارە بۆ شۆڕبوونەوەی مەمک. بۆیە باشترین رێگە هێواش دابەزاندنی کێشە. 

5- خۆراکی تەندروست
هەندێك توێژەر باس لە خۆراکە دەوڵەمەند بە پرۆتینەکان، ڤیتامین سی و هێلکە دەکەن و بە یارمەتیدەر بۆ دوورکەوتنەوە لە شۆڕبوونەوە دادەندرێن. هەروەک هەندێك پێیانوایە خواردنەوەی ئاویش یارمەتی دووربوون لەم گرفتەیان دەدات، چونکە جیری پێست زیاددەکات. 

6- کرێم و لۆشن
هەندێك کرێمی تایبەت هەن بۆ دوورکەوتنەوە لە پیربوونی پێست و هێشتنەوەی جیڕییەکەی، کە کاریگەری باشیان هەیە و رێگە لە لاوازبوونی پێست دەگرن و مەمک لە ئاستی خۆیان دەهێڵنەوە. 

چارەسەر بە نەشتەرگەری
جگە لە چارەسەری ئاسایی بە دەرمان و بە شێوازی خۆراکی بێ نەشتەرگەری، چەند شێوازێكی نەشتەرگەری هەن کە دەتواندرێن بۆ چارەسەری شۆڕبوونەوەی مەمک بەکاربهێندرێن، کە تێیدا لە پرۆسەی نەشتەرگەری دووبارە شێواز و قەبارەی مەمک دەگۆڕێن و مەمکەکان بەرزدەکرێنەوە. 

خانمان کە حەزیان لە کەمکردنەوەی شۆڕبوونەوەی مەمکەکانیانە و دەیانەوێت بەرزیان بکەنەوە، هەندێکجار پڕۆسەی بەهێزکردن و تووندکردنەوەی پێستی دەوروبەری مەمکیان بۆ بەکاردێت.