*د.داهات حەوێزی
نانی بەیانیان گرنگترین ژەمە خۆراكی رۆژانەیە كە جگە لەوەی وزەی پێویست دابین دەكات بۆ راپەڕاندنی كارەكانی رۆژانە، هەروەها رێگە لە زۆر كێشەی تەندروستیش دەگرێ.
رۆتینێكی خراپ هەیە كە خەڵكی پەیڕەوی دەكەن، ئەویش ئەوەیە كە بەیانیان لە خەو هەڵدەستن، تەنیا فریای ئەوە دەكەون زوو خۆیان بگۆڕن و بچن بۆ دەوام، نانی بەیانی پشتگوێ دەخەن، بەتایبەتی ئەو كەسانەی ئیشوكاریان زۆرە پێویستە بەرچایی بكەن. پێویستە نیو كاژێر زووتر هەستن بۆ ئەوەی بە ئیسراحەت نانی بەیانی بخۆن.
زۆر توێژینەوە لەسەر ئەوە كراوە كە ئەوانەی هەموو بەیانیان قاوەڵتی دەكەن باشتر ئیشەكانیان رادەپەڕێنن و چالاكیەكانیان زیاتر و بەرهەمدارتر دەبن. بۆ خوێندكارانیش زۆر پێویستە بەرچایی بكەن، چونكە دەركەوتووە ئەوانەی نانی بەیانی دەخۆن، هۆش و تەركیزیان زیاتر دەبێ و زووتر شت وەردەگرن و زیرەكتر دەبن.
زۆر لە توێژینەوەكان جەختیان لەوە كردووەتەوە كە خواردنی نانی بەیانیان یارمەتی راگرتنی كێشی لەش دەدات و زۆر بەسوودیشە بۆ لاوازبوون، چونكە پرۆگرامی خۆراكی ئەو رۆژە رێكدەخاتەوە و رێگە دەگرێ لە كۆبوونەوەی چەوریی زیادە.
ئەگەر كەسێك نانی بەیانیان نەخوات، لەدوای دوو-سێ كاژێر لە ئیشكردن، واتە دەوروبەری كاژێر 10 برسێتی تینی بۆ دەهێنێ و ناچار بە خواردنی نادروستی وەكو شیرینی و لەفە خۆی تێر دەكات، ئەمەش دەبێتە هۆی قەڵەوی.
نانی بەیانیان پێویستە پڕ بێت لە پێكهاتە خۆراكییە بەسوودەكانی وەكو شیری تازە و ماست و پەنیر و گوێز و هەنگوین و هێلكە و خورما. ئەگەر كەسێكی ساغ ئەم خواردنانە بخوات، كەمتر تووشی قەڵەوی و كەمیی ڤیتامینەكان و خەمۆكی و هەوكردن دەبێت.
خواردنێكی دیكەی بەسوود بۆ بەیانیان میوەكانی وەكو پرتەقاڵ و سێو و گێزەر و ترێن، ئەم میوانە دژەئۆكسانی زۆریان تێدایە كە رێ لە زوو پیربوون دەگرن. هەروەها ریشاڵ و فایبەری زۆریان هەیە كە پرۆسەی هەرسكردن ئاسان دەكەن و قەبزی ناهێڵن.
هەندێك كەس بەیانیان تەنیا چایەكی رەش یان قاوە دەخۆنەوە، ئەمە لەلایەك سوودی هەیە بۆ بەئاگا هاتنەوە و چڕكردنەوەی بیر و هۆش، بەڵام ئەم خواردنانە بەتەنیا بەس نین و ئەگەر زیادەڕۆییان تێدا بكرێ دەبنە هۆی ئاڵوودەیی و كەمیی ئاسن و كالیسیۆم لە لەشدا، لە جیاتی ئەمانە دەتوانن چای سەوز بخۆنەوە كە رێخۆڵەكان پاك دەكاتەوە و بۆنی ناو دەم ناهێڵێ و چەوریی خوێن كەم دەكاتەوە و كێشی لەش دادەبەزێنێ.
" با نانی بەیانیان نانێكی پاشاییانە بێت و نانی ئێواران نانێكی هەژارانە بێت"
پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو و دڵ
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ