جادووگەرێک: لە رێگای تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان جادوو لەخەڵک دەکرێت

رووداو –  alarabiya

ماوەی چەند رۆژێكە سعودییەكان بەشێوەیەكی بەربڵاو ڤیدیۆی فاڵچییەكی سوودانی بڵاودەکەنەوە، كە دوای ئەوەی دەستی لە فاڵچیایەتی هەڵگرتووە و گەڕاوەتەوە، رایگەیاندووە، کە دەتوانرێت لە رێگەی وێنە بڵاوکراوەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی ئینستیگرام، تویتەر، فەیسبووک یان تەنانەت وێنەی كەڤەری مۆبایلیشەوە فاڵ لە خاوەنی وێنەكە بكرێت.

حامید موسا، كە جادووگەر و فاڵچییەكی سوودانییە و لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی كەناڵێكی سعودیدا دەركەوت، ئەوەی روونكردووەتەوە، كە دەتوانرێت جادوو لە خاوەنی وێنەكانی سەر تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بكرێت، بەبێ ئەوەی شێوازی جادووكردنەكە ئاشكرابكات.

لە سعودییە سزای فاڵگرتنەوە و جادووگەری لەسێدارەدانە و زۆربەی ئەو كەسانەی ئەم كارەش دەكەن، خەڵكی ئەفریقیان، كە بە ناوی حەج و عومرە دەچنە سعودییە. لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چەند ژن و پیاوێكی سعودیش، کە بەهۆی فاڵگرتنەوە و جادووگەری دەستگیركرابوون، حوكمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.

مەزەندەدەكرێت سعودییەكان لە نزیكەی 20 ملیۆن ئەكاونتی تۆڕە كۆمەڵایەتییە جیاوازەكان وێنەی خۆیان دانابێت، هەرئەمەشە بووەتە هۆی ترسانیان لەوەی جادوویان لێبكرێت، بۆیە ئەو گرتە ڤیدیۆییەیان وا بە بڵاوی شەیركردووە.