حەوت نیشانەی مەترسیدار لە دووگیانیدا

رووداو-webmd

هەندێك لە ژنان ،بەتایبەت ئەوانەی یەكەم ئەزموونیانە، لەكاتی دووگیانیدا تووشی دڵەڕاوكێ دەبن كە ئاخۆ لەو گۆڕانانەی دوای دووگیانبوون درووستدەبن كامەیان ئاسایی و كامەیان نائاساییە.

ئەم حەوت نیشانەیە نائاسایین و دەبێت كاتێك ژنێكی دووگیان هەستیان پێدەكات سەردانی یەكەیەكی چاودێریی دایكانی دووگیان، یان پزیشكی پسپۆڕی ژنان و منداڵبوون بكات:

1-خوێنی دامێن:

لە سەرەتای دووگیانییەوە دەكرێ‌ بەهۆی درووستبوونی منداڵ لە دەرەوەی مناڵدان بێ‌ یاخود نیشانەیەكی لەبارچوون بێ‌، لە كۆتایی سكپڕیشدا دەكرێ‌ نیشانەی پچڕانی وێڵاش بێ‌، بۆیە لە هەر قۆناغێكی سكپڕیدا خوێن یان ئازاری وەك سوڕی مانگانەت هەبوو، دەبێ‌ پزیشكی ژنان و منداڵبوون بتبینێ‌...

2-رشانەوە و دڵتێكهەڵاتنی توند:

زۆربەی ژنان لەماوەی دووگیانیدا تووشی دڵتێكهەڵاتن دەبن و ئەوە حاڵەتێكی مەترسیدار نییە. بەڵام ئەگەر دڵتێكهەڵاتن و رشانەوەیەكی توندی ئەوتۆ روویدا كە رێگەی لە خواردن و خواردنەوە گرت، ئیدی ئەوە حاڵەتێكی نائاساییە و پێویستە پزیشك هۆكارەكەیت پێبڵێ و چارەسەرت بۆ دیاری بكا.

3-كەمبوونەوەی جووڵەی منداڵ بەشێوەیەكی بەرچاو:

ژنان بە ئەزموونی خۆیان بە راددەی جووڵەی منداڵەكانیان ئاشنادەبن، ئەگەر هەستت كرد جووڵەی منداڵەكەت روو لەكەمی دەكات، ئەوا پێویستە پزیشكی ژنان و منداڵبوون بتبینێ. بەگشتی دەگوترێت دەبێ لە دوو كاژێردا منداڵەكەت 10 جار و زیاتر بجووڵێ.

4-ژان لە سەرەتای سێ‌ مانگی كۆتایی سكپڕیدا:

ژانی راستەقینە لە حەوتەم مانگی سكپڕییەوە دوورنییە ببێتەهۆی منداڵبوونی ناكام. بەڵام هەندێك لە ژنان ژانی درۆینەیان دەبێ و ئەگەر یەكەمین سكیان بێ لەوانەیە لەگەڵ ژانی راستەقینە لێیان تێكبچێ و تووشی دڵەڕاوكێ ببن. ژانی درۆینە كرژبوونێكی كاتی و كەمە و خۆبەخۆ نامێنێت. ژانی راستەقینە بەوە جودا دەكرێتەوە كە بە ریتم و رێكوپێكییەوە بەردەوامدەبێت و تادێت روو لە زیادی دەكات، بەپێچەوانەی ژانی درۆینەوە كە چاوەڕواننەكراو و بێ ریتمە و توندتر نابێت.

5-تەڕیی لە دامێنەوە:

 هاتنەخوارەوەی تەڕیی لە دامێنەوە، دەكرێت نیشانەی تەقینی پەردەی راگری ئاوی چواردەوری كۆرپە بێ. بەڵام لە كۆتاییەكانی سكپڕیدا منداڵدان فشارێكی زۆر لەسەر میزڵدان درووستدەكات و بەو هۆیەوە هەندێك لە خانمان توانای میز راگرتنیان نامێنێ. ئەگەر هەستت بە تەڕیی كرد، سەرئاوێك بكە و میزڵدانت بەتاڵ بكە. ئەگەر دوای ئەوەش تەڕیی هەر هات، ئەوە باشترە سەردانی یەكەی چاودێریی دایكانی سكپڕ یان پزیشكی ژنان و منداڵبوون بكەی.

6-سەرئێشەی توند، سكئێشە، تێكچوونی بینین، ئاوسان لە سێ مانگی كۆتایی دووگیانیدا:

ئەمانە پێكەوە نیشانەی حاڵەتێكی ترسناكن كە بە (پریئیكلامپسیا) ناسراوە و ئەگەر  زوو چارەسەر نەكرێ‌ مەترسیی لەسەر دایك و كۆرپە هەیە...لەكاتی پشكنینی كەسێكی تووشبوو بەو نەخۆشییەدا، دەردەكەوێت جگە لەو نیشانانە، فشاری خوێنی بەرزە و پرۆتین لە میزیدا هەیە.

7-تا:

پلەی گەرمیی لەش بەرزتر لە 38,5 پلە ئەگەر چارەسەر نەكرێ‌، مەترسیی لەسەر سكەكەت درووست دەكات...بۆیە گرنگە خۆت لە پەتا و درمەكان بپارێزی، كە نیشانەیەكی سەرەكییان بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی لەشە. هەندێك لە پسپۆڕان دەڵێن دەبێت ژنی سكپر كوتانی دژی ئەنفلۆنزای بۆ بكرێت.