رێكخراوی تەندروستی جیهانی: ژمارەی حاڵەتەکانی ئیبۆلا لە کۆنگۆ کەمیکردووە


رووداو- هەولێر 

رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایدەگەیێنێت ژمارەی حاڵەتە نوێیە تۆمارکراوەکانی ئیبۆلا لە کۆماری دیموکراتی کۆنگۆ بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە. 

میشیل ریان، بەڕێوەبەری پرۆگرامی کردە فریاگوزارییەکان لە رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت بەهۆی کارە خۆپارێزی و رێگرییەکانیان لە شەش هەفتەی رابردوو، توانیویانە کۆنتڕۆڵی بڵاوبوونەوەی زیاتری ڤایرۆسی ئیبۆلا بکەن. 

میشیل ریان دەڵێت دەبێت لە هەفتەکانی داهاتوو کاری زیاتر و خێراتر بکەن و بە وردی مامەڵە بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لە حاڵەتە نوێیەکان بکەن و مەترسیی بڵاوبوونەوەی ئیبۆلا بنەبڕ بکەن.

رێکخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت تاوەکو ئێستا 2025 حاڵەتی تۆمارکراویان هەن، کە لەنێویاندا 1357 تووشبوویان گیانیان لەدەستداوە و 552 یان رزگاربوون.