ژەهری هەنگ چارەسەرە بۆ ئەکزیما
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە پێکهاتەیەکی سەرەکی لە ژەهری هەنگدا، چارەسەرێکی کارایە بۆ نەخۆشی ئەکزیمای پێست.
توێژینەوەکە، کە لە جۆرناڵی زانستی (British Journal of Pharmacology) بڵاوکراوەتەوە، لەسەر مشک و خانەی مرۆڤ ئەنجامدراوە و دەریخستووە ژەهری هەنگ بە گشتی و پێکهاتەیەکی نێو ژەهرەکە بە تایبەتی دژی هەوکردنە و بەشێوازی جۆراوجۆر کار دەکاتە سەر کۆئەندامی بەرگری، بە ئاراستەی کۆنترۆڵکردنی هەوکردنی نەخوازراو لە جەستەدا.
نووسەرانی توێژینەوەکە دەڵێن پێکهاتەی (مێلیتین melittin) لە ژەهری هەنگدا کاری ئەرێنی لەو لیمفەخانانەی سیستمی بەرگری دەکات کە ئەرکیان کۆنترۆڵکردن و رێکخستنی هەوکردنە لە جەستەدا، بەوەش یاریدەی کۆنترۆڵردنی ئەو هەوکردنە نەخوازراوە دەدات کە لە پشت سەرهەڵدانی نۆرەکانی ئەکزیمایە.
ئەکزیما (بیرۆ) بڵاوترین جۆری هەوکردنی درێژخایەنی پێستە کە دەبێتەهۆی وشکبوونەوە و سووربوونەوە و خورانێکی زۆری پێست، هۆکارەکەی بە روونی نەزانراوە، بەڵام فاکتەری ژینگەیی و بۆماوەیی رۆڵیان هەیە و تێیدا کۆئەندامی بەرگری بەشێوەیەکی نا هاوسەنگ کاردەکات، بەجۆرێک؛ ئەو باڵەیان زاڵدەبێت کە هانی هەوکردن دەدات و باڵەکەی دیکە لاوازدەبێت کە دەیەوێ هەوکردن کۆنترۆڵبکات.