پەیوەندی لەنێوان نەزۆکی و قەبارەی چووک دەبینرێتەوە
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە لەو پیاوانەی نەزۆکن، کورتیی چووک تێیاندا بڵاوترە.
توێژینەوەکە لە ئەمریکا لەسەر 815 پیاو ئەنجامدراوە و یەکەم توێژینەوەیە کە لەسەر پەیوەندیی نێوان درێژیی چووک و نەزۆکی ئەنجامدرابێ و بڕیارە لە کۆنفرانسی کۆمەڵەی پزیشکانی زایەندی ئەمریکا پێشانبدرێ.
وەک لە توێژینەوەکەدا دەرکەوت، لەو پیاوانەی نەزۆکن، تێکڕای درێژیی چووک سانتیمەترێک کورتترە.
لەو پیاوانەی گرفتی بەپیتییان نەبوو، تێکڕای درێژی چووک 13.4 سانتیمەتر بوو، کەچی لەوانەی نەزۆک بوون تێکڕای درێژی چووک 12.5 سانتیمەتر بوو.
لە لێکدانەوەی ئەنجامەکاندا هاتووە "وا دیارە گرفتە هۆرمۆنییەکان و گرفت لە گونەکاندا کە لە کەسانی نەزۆکدا هەن، دەبنەهۆی کورتیی چووک".
بەشێک لە رەخنەگران دەڵێن ئەم توێژینەوەیە دڵەڕاوکێیەکی زیاتر بۆ بەشێک لە پیاوان درووستدەکات، کە نیگەرانن لەبارەی قەبارەی چووکیان، بۆیە رەنگە توێژینەوەکە ئەوەندەی پرسیاری نوێ درووستبکات، ئەوەندە نەبێتە وەلامێکی زانستیی پێویست.