توێژینەوە: وەرزش باشترینە بۆ رێگری لە پاشەکشەی هزریی
رووداو-سلێمانی
پێداچوونەوەی 11,530 توێژینەوەی پێشوو دەریخستووە تاکو ئێستا دەرمانێک نییە لایەنی هزریی ئەو کەسانە چاکبکاتەوە کە بەهۆی چوونە تەمەن تووشی بیرچوونەوەی سادە دەبن، بەڵام وەرزش و چالاکییە جەستەییەکان رۆڵێکی کارا و ئەرێنی دەگێڕن لەو رووەوە.
بیرچوونەوەی سادەی پەیوەست بە تەمەن، کە لەنێو کەسانی بەساڵاچوو بڵاوە، حاڵەتێکە تێیدا کەسەکە لە بیرکردنەوە و یادەوەریدا تووشی گرفت دەبێت و بیرکەوتنەوەی کەس و شتەکانی وەکوو جاران نابێ، بەڵام هێندەش سەخت نابێ کاریگەریی بەرچاو لە ژیانی رۆژانەی بکات. دەرکەوتووە ئەم کەسانە زۆرتر ئەگەری هەیە تووشی ئەڵزهایمەر و جۆرەکانی دیکەی خەڵەفان ببن.
توێژەرەکان بۆ یەکەمجار رێنمایی دەدەن بۆ دووربوون لەم حاڵەتە، وەرزش بەشێوەیەکی رێکخراو و بەرنامەدار ئەنجامبدرێ.
رۆناڵ پیتەرسن، سەرۆکی بەشی توێژینەوە لە نەخۆشی ئەڵزهایمەر لە مایۆکلینیک و سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دەڵێ وەرزشکردن هەم رۆیشتنی خوێن بۆ شانەکانی مێشک زیاددەکات و هەم هانی دەردانی ئەنزیمگەلێک دەدات کە دەبنەهۆی تێکشکاندنی ئەو پێکهاتە پرۆتینییانەی مەیلی ئەوەیان هەیە لەسەر شانەکانی مێشک بنیشن و رێگاخۆشبکەن بۆ تووشبوون بە خەڵەفان.