تەندروستی سلێمانی چەند کلینیک و سەنتەرێکی جوانکاری دادەخات
رووداو-سلێمانی
بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیێنێ کە چەند شوێن و سەنتەری جوانکارییان داخستوون بەهۆی ئەوەی پرۆسەی ئەوتۆیان ئەنجامداوە کە دەبێ تەنیا لەژێر چاودەری پزیشک ئەنجامبدرێن، کەچی خۆبەخۆ ئەنجامیان داون.
لەو بارەیەوە د. عادل عوسمان سەرۆکی بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی تایبەت بە (رووداو) گوتی "بەشێک لەو سەنتەر و شوێنانە بێ مۆڵەت بوون، یان بەبێ چاودێریی پزیشک بۆتۆکس، فیلەر و تاتۆیان ئەنجامداوە کە ئەمانە ئەگەر پزیشک چاودێرییان نەکات ئەگەری گواستنەوەی چەندین نەخۆشی زیاددەکەن، لەوانە هەوکردنی ڤایرۆسیی جگەر".
بەرپرسەکەی تەندروستی سلێمانی ئاشکرای کرد کە هەمان رۆژ (پێنجشەممە 9 ی شوبات) کلینیکێکی پزیشکییان داخستووە کە کەسێکی تورک کاری تێدا کردووە. "ئەو کەسە تورکە بانگەشەی ئەوەی دەکرد کە پزیشکە و هەندێک ئامێری دانابوو گوایە هەموو نەخۆشییەکان دەستنیشاندەکەن، لە ئەنجامدا بۆمان دەرکەوت کە ئەو کەسە هیچ پسپۆڕییەکی نییە و هیچ مۆڵەتێکی کارکردنی نییە لەلایەن وەزارەتی تەندروستی و سەندیکای پزیشکانی کوردستان".
وێنەکان لە لایەن بەشی پشکنین و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرێتی گشتی تەندروستی سلێمانی بۆ (رووداو) نێردراون.