بەریتانیا باج دەخاتە سەر قەڵەوی

رووداو - هەولێر 

فلیپ هامۆند وەزیری دارایی بەریتانیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی حکومەت بۆ کەمکردنەوەی رێژەی قەڵەوی و کلۆربوونی ددانەکان، حکومەتی بەریتانیا بڕیاریداوە لە مانگی نیسانی 2018ـدا باج بخاتە سەر ئەو خواردنەوانەی کە شەکرێکی زۆریان تێدا بەکاردێت لە بەرهەمهێنانیدا.

هامۆند راشیگەیاند بۆ ئەو خواردنەوانەی کە 5 گرام شەکریان تێدا بەکارهاتووە ئەوا بۆ هەر لترێکی 18 پێنس باج دەخرێتە سەری و ئەو خواردنەوانەش کە 8 گرام شەکر لە بەرهەمهێنانیدا بەکارهاتووە ئەوا 24 پێنس باج دەخرێتە سەری.

رۆژی چوارشەممەش هامۆند بۆیەکەمجار لەدوای چونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا پرۆژە بودجەی ناردە پەرلەمان،هامۆند راشیگەیاند ، حکومەت هەوڵەکانی چڕکردۆتەوە بۆ کەمکردنەوەی جگەرە کێشان بۆ ئەم مەبەستەش کەمترین نرخی جگەرەمان دەستنیشانکردووە کە نابێت نرخی یەک پاکەت جگەرە 7 پاوەند و 35 پێنس کەمتربێت.

وەزیری داراییش پێشبینی دەکرد کە کۆی گشتی بەرهەمی ناوخۆی بەریتانیا لەمساڵدا بەرێژەی 2% گەشە بکات .