پەیوەندیی نێوان دەرمانی دژە هەستەوەری و نەزۆکی دەبینرێتەوە
رووداو-سلێمانی
گرووپێکی بڵاو لە دەرمانەکانی دژە هەستەوەری (ئەنتی هیستامین) پەیوەندییان هەیە بە کەمبوونەوەی ئاستی بەپیتیی رەگەزی نێرینە، توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە.
دەرمانەکانی ئەنتی هیستامین (وەکوو لۆرتین و ئەلەرمین و هاوپۆلەکانیان) بۆ سەرکوتکردنی نیشانەکانی هەستەوەریی بەکاردێن، وەکوو؛ ئاوکردنی لووت، سووربوونەوە و ئاوکردنی چاو، لیری پێست و ئەو کاردانەوانەی جەستە کە پاش پێوەدانی مار و مێروو روودەدەن.
توێژینەوەیەکی نوێ لە ئەرجەنتینەوە دەڵێ زۆر بەکارهێنانی ئەم دەرمانانە کار لە توانای کارکردنی گون و درووستکردنی هۆرمۆنەکانی نێرینە دەکەت.
توێژینەوەکە، کە لە جۆرناڵی زانستی (the journal Reproduction) بڵاوبووەتەوە و پشتی بە داتاکانی چەندین توێژینەوەی پێشوو بەستووە، دەریخستووە دەرمانە دژەهیستامینەکان بەهۆی کارکردن لە هۆرمۆنی نێرینەوە، کاری نەخوازراو لە شێوە و جووڵەی تۆوی پیاوان و ژمارەیان دەکەن.
ئەو توێژینەوانەی لەسەر پەیوەندی نێوان ئەنتی هیستامینەکان و توانای بەپیتیی ئەنجامدراون زیاتر پشتیان بە تاقیکردنەوەی دەرمانەکان لەسەر ئاژەڵ وەرگرتووە، بۆیە توێژەرەکان داوایان کردووە توێژینەوەی هاوشێوە لە مرۆڤیشدا ئەنجامبدرێن و خەڵکیش ئاگاداربکرێنەوە لە زۆر بەکارهێنانی ئەو دەرمانانە.