ئه‌مساڵ له كوردستان رۆژانه دوو خانم تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بوون
رووداو-سلێمانی
به‌پێی نوێترین ئاماری وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به تێكڕا رۆژانه زۆرتر له دوو خانم له هه‌رێمی كوردستان تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك ده‌بن.
به‌پێی ئه‌و ئاماره نوێیه كه (رووداو) له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ریگرتووه، سه‌رتاسه‌ری ساڵی پار 524 خانم له كوردستان تووشی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بوون، به‌ڵام ئه‌مساڵ ته‌نیا له شه‌ش مانگی یه‌كه‌مدا 379 خانم وه‌ك تووشبووی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك تۆماركراون.
ئه‌گه‌ر تۆماركرانی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له شه‌ش مانگی دووه‌می ئه‌مساڵیش وه‌ك شه‌ش مانگی یه‌كه‌م به‌رده‌وامبێت، ئه‌وه ژماره‌ی حاڵه‌ته‌كان ده‌گاته 758 حاڵه‌ت، ئه‌وه‌ش واتای ئه‌وه‌یه به به‌راورد به ساڵی رابردوو، تووشبوون به شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له كوردستان به رێژه‌ی 19% زیادده‌كات.
هه‌ر له شه‌ش مانگی یه‌كه‌میشدا ئه‌گه‌ر كۆی حاڵه‌ته‌كان دابه‌شی رۆژه‌كان بكه‌ین، ئه‌وه رۆژانه 2.1 حاڵه‌تی شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له‌نێو خانمانی كوردستان تۆماركراون.
به‌پێی هه‌مان ئامار كه (رووداو) له وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی وه‌ریگرتووه، خانمان 45.7%ی دانیشتووانی كوردستان پێكدێنن، له‌سه‌ر ئاستی جیهانیش شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك بڵاوترین شێرپه‌نجه‌یه له‌نێو خانمان.
له‌گه‌ڵ ئه‌و زیادبوونه‌شدا، هێشتا رێژه‌ی تووشبوون به شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له كوردستان به به‌راورد به ئه‌مریكا و زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، كه‌متره.
له‌باره‌ی ئه‌و ئاماره نوێیه‌وه د.خاڵس قادر گوته‌بێژ و به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به (رووداو)ی گوت "رێژه‌ی شێرپه‌نجه له كوردستان هه‌رچه‌ند هێشتا به‌راورد به وڵاتان له ئاستێكی مه‌ترسیدار نییه، به‌ڵام ده‌بێ خانمان هۆشیاربن له‌باره‌ی نه‌خۆشییه‌كه و پابه‌ندی رێنماییه ته‌ندروستییه‌كان بن، ئه‌ویش به پیاده‌كردنی شێوازێكی ته‌ندروستانه‌ی ژیان و راوێژكردن به پزیشك له حاڵه‌تی هه‌بوونی هه‌ر گومانێك"