چارەسەرێکی نوێ بۆ رەبو دەدۆزرێتەوە


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی پەردە لەسەر چارەسەرێکی نوێ لادەدات کە کاراییەکی زیاتری هەیە لە چارەسەری نەخۆشی رەبۆ، بەراورد بە دەرمانە هاوپۆلەکانی ئێستای نەخۆشییەکە.


توێژەرەکان لە زانکۆی (رۆتجەرز)ی ویلایەتی نیو جیریسی ئەمریکا بوون و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (Science Translational Medicine) بڵاوکردووەتەوە.

تیمی توێژینەوەکە بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ توێژەرانی زانکۆی شەنگهای لە چین، بۆ ماوەی چوار ساڵ تاقیکردنەوەیان لەسەر زیاتر لە شەش هەزار پێکهاتەی دەرمانی کردووە.

لە ئەنجامدا بۆیان دەرکەوت یەکێک لە پێکهاتەکان بەنێوی (Transgelin-2) دەبێتەهۆی خاوکردنەوەی ماسولکەی بۆڕییەکانی هەوا، ئەوەش ئەو بۆڕییانە فراوان دەکات و کەسی تووشبوو بە رەبۆ ئاسانتر دەتوانێ هەناسە هەڵبمژێ و کەمتر تووشی هەناسەتوندی ببێ.

توێژەران بەراوردی دەرمانە نوێیەکەیان کرد لەگەڵ ئەو دەرمانانەی ئێستا وەک خاوکەرەوەی ماسولکەی بۆڕییەکانی هەوا بەکاردێن. دەرەنجام دەرکەوت دەرمانە نوێیەکە کاراترە.

جگەلە کارایی زیاتری دەرمانە نوێیەکە، بەشێک لە تووشبووانی رەبۆ ناتوانن دەرمانە کلاسیکییەکانی خاوکردنەوەی ماسولکەی بۆڕییەکانی هەوا بەکاربهێنن بەهۆی لێکەوتە نەخوازراوەکانیانەوە، بۆیە دەرمانەکە تایبەتتر بۆ ئەوانە گرنگە.