سەنتەری پراجنای لە هیندستان رۆژانە یۆگا بە نەخۆشەکانی دەکات
رووداو- هەولێر
سەنتەری پراجنای لە هیندستان رۆژانە یۆگا بە نەخۆشەکانی دەکات، پزیشكانی سەنتەرەکە دەڵێن لەڕێگەی یۆگا هەوڵدەدەن بەکارهێنانی دەرمان بۆ نەخۆشەکانیان کەمبکەنەوە.
ماهێندرا بەلار، بەرێوەبەری سەنتەرەکە لە هیندستان دەڵێت مرۆڤ بونەوەرێکی جوڵاوە و لە جەستە، رۆح و دەروون پێکهاتووە، دەبێت لەکاتی چارەسەرکردنیدا گرنگی بە دۆخی جەستەیی و دەروونیشی بدرێت.
پەیمانگەی پراجنایە لە هیندستان، نەخۆشەکان هەر لە بەیانی زووەوە راهێنانی یۆگایان پێدەکرێت. پزیشکانی سەنتەرەکە ئامانجیانە نەخۆشەکان لە دەرمان دووربخەنەوە و بەمەش رێگە جیاوازەکانی چارەسەر بۆ نەخۆشەکانیان بەکاردەهێنن، بە پێچەوانەی هەمو سەنتەرەکانی دیکەی چارەسەر لەم سەنتەرەدا نەخۆشەکان چەند راهێنانێکیان لەلایەن پزیشک وەک چارەسەری نەخۆشییەکەیان بۆیان دەنوسرێت. جگە لە ئەنجامدانی یۆگاش خۆراکی تەندروست بۆ نەخۆشەکان ئامادەدەکرێت.
لەم سەنتەرە یۆگا بۆ لابردنی ئازار، خاوبوونەوەی ماسولکەکان و باشتربوونی سوڕی خوێن ئەنجامدەدرێت. دوور لە ئەنجامدانی یۆگا و خواردنی خۆراکی تەندروست، چارەسەرە سروشتییەکانیش بەکاردێن وەک ساونا و بەکارهێنانی قوڕ بۆ گرفتەکانی پێست.
پریانکا تەمەنی 29 ساڵە و بە دەست نەخۆشی دەردە رێوییەوە دەناڵێنێت. پریانکا سەردانی ئەم سەنتەرەی کردووە بۆ ئەوەی کەمتر پشت بە دەرمانەکانی ستیرۆید ببەستێت و پزیشکان بە رێگە چارەسەرییە سروشتییەکان نیشانەکانی نەخۆشییەکەی کەمتربکەنەوە.
ژەمەکانی ئەم سەنتەرە هەمووی سەوزەواتە، رێنمایش بە نەخۆشان دەدرێت سەبارەت بە شێوازی خواردنی ژەمەکان. وەک پزیشکان دەڵێن بە خواردنی خۆراکی تەندروست، جەستە لە ماددە ژەهراوییەکان پاکدەبێتەوە. پەیمانگەی پراجنا بەشێوەیەکی فەرمی لەلایەن وەزارەتی تەندروستی هیندستان مۆڵەتی کارکردنی پێدراوە، هەموو ئامانجی پزیشکانی سەنتەرەکەش ئەوەیە خووە تەندروستەکان فێری خەڵک بکەن و بە بەکارهێنانی رێگە سروشتییەکان نەخۆشەکانیان چارەسەر بکەن.