ئامرازێکی نوێ بێ بەکارهێنانی خوێن پێوانەی شەکرە دەکات


رووداو-سلێمانی

ئامرازێکی نوێ توانا دەداتە تووشبووانی شەکرە ئاستی شەکری خوێنیان بزانن بێئەوەی دەرزی لە پەنجەکانیان بدەن، یان پێویست بە هیچ رێگایەکی دیکەی وەرگرتنی خوێن بکات.


د. ئادێلینا ئیلی، لە زانکۆی باس لە بەریتانیا، گوتوویەتی تەکنۆلۆجیاکە دەبێتە یەکەمین رێگای پێوانەکردنی ئاستی شەکری خوێن بەبێ بەکارهێنانی دەرزیی و خوێن.

ئیستا تووشبووانی شەکرە دەبێ دڵۆپێک یان زیاتری خوێنیان وەربگرن و بیخەنە سەر ئەو ئامرازە کلاسیکییەی پێوانی ئاستی شەکری خوێن دەکات.

بەڵام لە رێگا نوێیەکەدا ئامرازێکی ئەلیکترۆنیی شێوە لەزگە دەخرێتە سەر پێست و ئەویش بە وەرگرتنی شلەی شانەکان، کە لە پێکهاتەی پێستدا هەیە، دەتوانێت ئاستی شەکری خوێن بزانێت.

توێژەرەکان گوتوویانە پشکنین و بەراوردکارییە سەرەتاییەکان دەریانخستووە جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان توانای پیوانەکردنی ئامرازە نوێیەکە و ئامرازە کلاسیکییەکانی پێوانی ئاستی شەکری خوێن. بەڵام جەختیشدەکەنەوە کە هیشتا هەنگاوی دیکەش ماون تەکنۆلۆجیا نوێیەکە بیانبڕێ تاوەکوو ببێتە رێگایەکی نوێ و سەلمێندراوی جاودێریکردنی ئاستی شەکری خوێن.

توێژینەوە نوێیەکە لە جۆرناڵی زانستیی (نەیچەر) بڵاوبووەتەوە و ئاژانسی رۆیتەرز ئاماژەیپێکردووە.