شەش هۆکاری دروستبوونی پەڵەی پێست


رووداو - DW 

هەندێکجار لە خەو هەڵدەستی و دەبینیت پەڵەیەک یان زیاتر لەسەر پێستت پەیدابووە، کاتێک بیر دەکەیەوە هیچ زەبرێک بەر ئەو شوێنەت نەکەوتووە، پسپۆڕانی هەردوو ماڵپەڕی (پریڤێنشن) و (مێنز هێڵس) لە ئەمریکاوە دەڵێن زۆربەی کات ئەمە حاڵەتێکی سادەیە و پێویست بە نیگەرانی ناکات. 


لە نموونەی هۆکارەکانیش ئاماژەیان کردووە بە: 

1- گیادەرمانی و تەواوکەرە خۆراکییەکان: 

بەشێک لەم تەواوکەرە خۆراکییانە سیر و زەنجەفیل و جینسینگ و رۆنى ماسییان تێدایە، ئەمانە ئەگەر بێ ئاگاداری پزیشک بخورێن هەڵەیە، چونکە هەم مەرج نییە جەستەی کەسەکە بۆ ئەو پێکهاتانە گونجاو بێت، هەم لەوانەیە کارلێک لەگەڵ ئەو دەرمانانە بکەن کە بۆ مەبەستی دیکە دەخورێن. 

2- کەمیی هەندێک لە رەگەزە خۆراکییەکان لە جەستەدا: 

کەمیی ڤیتامین C یان K دەبێتە هۆی پەڵەی پێست. پسپۆڕە ئەمریکاییەکان دەڵێن کەمیی ڤیتامین و کانزاکان لەو کەسانەدا روودەدەن کە خۆراکیان فرەجۆر و فرە رەنگ نییە و تەنیا چەند جۆرێکی دیاریکراوی خواردن دەخۆن. بۆیە کەسێکی ئاسایی و تەندروست دەبێ ژەمەکانی لە جۆری جیاوازی خواردن پێکبێن، بۆ ئەوەی لە هەموو رەگەزە خۆراکییەکان بەهرەمەند بێ. 

3- دەرمانەکانی دژە خەمۆکی: 

بەشێک لە دەرمانەکانی دژە خەمۆکی کار لە خەپلەکانی خوێن دەکەن، کاری ئەو خەپلانەش رێکخستنی مەیین و نەمەیینی خوێنە، بۆیە تێکچوونی کارەکانیان دەبێتە هۆی تێکچوونی رەوتی پرۆسەکە و خوێنبەربوونی سادە لە پێست کە بەشێوەی پەڵە دەردەکەوێت. 

4- چوونە تەمەن: 

لەگەڵ چوونە تەمەندا موولوولەکانی خوێن بەهێزی و نەرمی لەدەستدەدەن و بە ئاسانی دەتەقن. تەقینی ئەو موولوولانە دەبێتە هۆی دزەکردنی خوێن بۆ نێو شانەکانی پێست و دواتریش دروستبوونی پەڵە. هەروەها پێستی کەسانی بە تەمەن تەنکە و چەورییە پارێزەرەکەی لەدەستدەدات، ئەواش وادەکات ئاسانتر زەبر بەر موولوولەکانی پێست بکەوێ و بتەقن. 

5- دەرمانەکانی دژە کڵۆبوونی خوێن: 

دەرمانی دژەکڵۆبوونی خوێن بۆ رێگری لە جەڵتەی دڵ و مێشک دەدرێن بەوانەی لە مەترسیدان، هەروەها هەندێک دژە ئازاری وەکوو پرۆفین و ڤۆڵتارین کە لەمپەر بۆ مەیینی خوێن دروستدەکەن. ئەمانە هەندێکجار دەبنە هۆی خوێنبەربوون لە موولوولەکانی خوێنی پێست و دروستبوونی پەڵە. 

6- نەخۆشیی جگەر: 

جگەر بەرپرسە لە دروستکردنی چەندین ماددە کە کاریان رێکخستنی مەیینی خوێنە، بۆیە نەخۆشکەوتنی جگەر لەمپەر دەخاتە بەردەم دروستبوونی ئەو ماددانە، بەو هۆیەوە پرۆسەی مەیینی خوێن تێکدەچێ و ئاسانتر خوێنبەربوون لە موولوولەکانی خوێنی پێست روودەدات کە دروستبوونی پەڵەی لێدەکەوێتەوە. 

چارەی سادە لە ماڵەوە: 

چاکبوونەوەی پەڵەی پێست نزیکەی دوو هەفتەی دەوێت، لەو ماوەیەشدا رەنگەکەی دەگۆڕێ لە شین یان مۆرەوە بۆ سەوز یان زەرد. بەڵام ئەگەر لەگەڵ هەستکردن بە دروستبوونی، بۆ ماوەى 10 خولەک سەهۆڵ بخەیتە سەر شوێنی پەڵەکە، ئەوە دەبێتە هۆی کرژبوونی موولوولەکان و کەمبوونەوەی خوێنبەربوونیان، ئەوەش ناهێڵێ پەڵەکە زۆر گەورە ببێ. 

چ کاتێک سەردانی پزیشک بکەین؟ 

ئەگەر پەڵەکە بۆ دوو هەفتە بەردەوام بوو بەبێ ئەوەی رەنگی بگۆڕێ، ئەوە باشترە سەردانی پزیشک بکەی بۆ دیاریکردنی هۆکارەکەی. هەروەها ئەگەر هاوکات لەگەڵ پەڵەکە نیشانەی دیکە هەبوون وەکوو بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی، گۆڕانی ئارەزووی خواردن و لەدەستدانی کێش، دیسان پێویست بە راوێژی پزیشک دەکات.