تیشکی شاشەی مۆبایل رێگە بۆ کوێربوون خۆشدەکات


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە ئەوشەپۆلە شینەی لە تیشکی دەرچوو لە شاشەکانی مۆبایل و کۆمپیوتەرەکان دەردەچێت، زیانی زۆر و هەمیشەیی لە تۆڕی چاو دەدات.


توێژەرەکان لە زانکۆی (تۆلیدۆ)ی ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا بوون و توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (Scientific Reports) بڵاوکردووەتەوە.

وەکوو توێژەرەکان دەریانخستووە، ئەو شەپۆلە شینەی لە رووناکی شاشەی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان دەردەچێ، کارلێکێکی نەخوازراو لەگەڵ خانەکانی تۆڕی چاو دەکات و دەبێتەهۆی لەنێوچوونیان.

هۆشداریشیان داوە ئەو کاریگەرییە نەخوازراوەی شەپۆلە شینەکە لەسەر تۆڕی چاو درووستیدەکات هەمیشەیی دەبێت و ناتوانرێت جارێکی دیکە خانە لەنێوچووەکان چاکبکرێنەوە.

بۆیە داوایان کردووە کاتێکی زۆر بە دیار شاشەی ئامیرە زیرەکەکان بەسەر نەبرێت، بە تایبەتی لە شوێنە تاریکەکان،بۆ ئەوەی کەمترین بڕی ئەو شەپۆلە شینە بگاتە سەر تۆڕی چاو.

ئەو گرفتەی بەهۆی رووناکی مۆبایل لە چاودا درووستدەبێ بە داخورانی ماکیولا (macular degeneration) ناسراوە و تێیدا بینایی چاو وردە وردە تێکدەچێت و زۆرکات بە کوێربوونی هەمیشەیی کەسەکە کۆتاییدێت.

بەپێی ئامارەکانی ساڵی 2015 لەسەر ئاستی جیهان شەش ملیۆن کەس تووشی داخورانی ماکیولا بوون.