سەماکردن گوشاری دەروونی کەمدەکاتەوە


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی پسپۆرانی دەروونی بەریتانی دەریخستووە سەماکردن هۆکارێکە بۆ دەرووندروستی.


د.پیتێر لۆڤات، پسپۆری دەروونی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، سەماکردن هۆکارێکە بۆ باشترکردنی باری دەروونی بەتایبەت لەو کەسانەی بەدەست خەمۆکی  و نەخۆشی پارکینسۆن دەناڵێنن.

توێژینەوەکە لە زانکۆی هێرفۆردشیر لە بەریتانیا ئەنجامدراوە، تێیدا بەدواداچوون بۆ ئەو کەسانەی بەهۆی نەخۆشی خەمۆکی لە نەخۆشخانە خەوێنرابوون کرا، سەرەنجام توێژەرە بەریتانیەکان بۆیاندەرکەوت ئەو نەخۆشانەی بەشداری خولی فێربوونی سەماکردنییان کردووە، هەستیان بە باشترکردنی باری دەروونییان کردبوو.

پسپۆرانی دەروونی لە بەریتانیا روونیدەکەنەوە، سەماکردن هۆکارێکی دڵخۆشبوونە، لەکاتی سەماکردن وزەیەکی زۆر سەرفدەکرێت و کردارە زیندەچالاکییەکانی جەستە رێکدەبن بۆیە کەسەکە بەدرێژایی رۆژ وزەی تەواوی دەبێت و باری دەروونیشی باشتردەبێت.