چوار ساڵ پاش مردنی دایک و باوکی، لەدایکبوو!
رووداو-سلێمانی
منداڵێک لە چین پاش چوار ساڵ لە مردنی دایک و باوکی خۆی، لە منداڵدانی خانمێکی دیکەوە لەدایکدەبێ.
دایک و باوکی منداڵەکە ساڵی 2013 لە کارەساتێکی ئۆتۆمۆبێلدا مردوون، بەڵام بەر لەو کارەساتە چەندین کۆرپەلەی خۆیان پاشەکەوت کردبوو تاوەکوو لە داهاتوو بۆ درووستکردنی منداڵی بلوری بەکاریان بهێنن.
پاش کارەساتەکە و مردنی هەردووکیان، ماڵی باوکی هەریەک لە بووک و زاوا دەستیان بە کۆششێکی بەرفراوانی یاسایی کرد بۆ بەدەستهێنانی مافی خاوەندارێتی کۆرپەلە هەڵگیراوەکان.
پاشان کۆرپەلەکە لە منداڵدانی خانمێکی بیانی چێندراوە، تاوەکوو دیسەمبەری رابردوو کە لەدایکبووە و ئەم هەفتەیە رۆژنامەی (بیجین نیوز)ی چینی بۆ یەکەمجار ئاشکرایکرد.
کۆرپەلەکان لە پلەی 196ی ژێر سفر و لە نایترۆجینی شلدا هەڵگیرابوون و پاش بڕیاری دادگا لەو پلە ساردەدا دەرهێنران و خرانە ژینگەیەک کە پرۆسە ژیانیەکانیان بۆ بگەڕێتەوە و ئامادەبکرێن بۆ چێنران لە منداڵدانی خانمێکی دیکەدا.
بەهۆی ئەوەی بەکرێگرتنی منداڵدان لە چین نایاساییە، بۆیە لە رێگەی ئاژانسەکانی بەکرێگرتنی منداڵدانەوە توانییان ئەو خانمە لە وڵاتی لاوس لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا بدۆزنەوە .