لە تلیاک خراپتر
ئێستا کێشەی فەیسبووک یان ئەو کێشانەی بەهۆی فەیسبووکەوە روودەدەن، زۆر ژمارەیان زیاترە لەوانەی بە هۆی تلیاکەوە دەبرێنە دادگاکان. تلیاک یان ماددەی هۆشبەر بە دوو هۆکار دەچێتە ناو دادگا، یان بازرگانی پێوەکردن یان بەکارهێنان، خراپترین کاریگەریشی لەسەر هاونیشتمانیان ئاڵوودەبوونیانە، بەڵام فەیسبووک جگە لە ئاڵوودەبوون، لە هەموو کێشە کۆمەڵایەتییەکانی دادگاشدا ئامادەیی هەیە.
رۆژێک کوڕێکی شازدە ساڵان هاتە لام بۆ چارەسەری ددان، دایکی هێندە دڵی لای کوڕەکەی بوو، ئارامی نەدەگرت لەسەر کورسییەکیش دابنیشێت، بە پێوە لەسەرسەری راوەستابوو، کاتێک فەرمووی دانیشتنم لێکرد، گوتی قەیناکە دکتۆر گیان حەز دەکەم ئاگام لێیبێت، هەر لە منداڵیدا باوکی شەهید بووەو ئیتر خوێنم لەگەڵی بووەتە ئاو تا گەورەم کردووە، من هەر گوێم لێگرتبوو، بەڵام جاروبارەش لەگەڵ کوڕەکە قسەم دەکرد.
بەهەرحاڵ دوای تەواوبوونی کارەکە، دایکی پێیگوتم ئاگاداری بکەمەوە چی دیکەی پێویستە، منیش بە شەرمێکەوە بەو دایکە میهرەبانەم گوت کە وادەردەکەوێ ئەم کوڕە هەرگیز فڵچە بەر ددانەکانی نەکەوتبێ، تەنانەت مانگی جارێکیش، دایکە گوتی زۆری لێ دەپاڕێمەوە، بەڵام ئەو هەمیشە سەری لەناو کۆمپیوتەرەکەیەتی، دکتۆر گیان قسەیەکی خێری بۆ بکە، دوو ساڵ پۆلێک نابڕێت، من وەک پزیشکی ددان ئەوەندە قسەی خێرم دەزانی کە ئەگەر بەو حاڵەوە بەردەوام بێت، دوای دەردەسەری و ئازارێکی زۆر، دەبێت لە تەمەنی نزیکەی 30 ساڵیدا تاقم لە دەم بکات، ئەویش ئەگەر بوەستێ و زوو زوو فڵتە نەکات و بکەوێتە دەمییەوە.
تۆ لە خەیاڵی خۆتدا لەوانەیە بڵێی ئەمە دەبێتە کەسێکی وەک ستیڤ جۆبزی داهێنەری بەرهەمەکانی ئەپڵ، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی کورت کوڕەکە بە پۆزەوە گوتی "پەیجم هەیە" و 6 هەزار لایکیشی هەیە.
دایکێک بەو هەموو میهرەبانییەوە کوڕ گەورە بکات تا پەیجێک چارەنووسی بێت!
کاتێک کەسێک دەیەوێت ئەکاونتی فەیسبووکەکەی دابخات، فەیسبووک چەند بژاردەیەک دەخاتە بەردەمی تا هۆکاری رۆیشتنی بەکارهێنەرەکەی بزانێت، لەوانەش بەسەربردنی کاتێکی زۆر، بێ سوودیی فەیسبووک، هەستنەکردن بە ئارامی یان سەلامەتی لە فەیسبووک، بێگومان فەیسبووک ئەو هۆکارانەی لە بەکارهێنەرەکانییەوە زانیوە و بۆی کردوون بە بژارە.
ئەگەر سەرنج بدەیتە دادگاکانیش، هیچ کەیسێکی تەفریق، واتە جیابوونەوەی هاوسەرەکان بێ فەیسبووک تێناپەڕێت، لە نێو وردەکارییەکانیشدا، هەمان ئەو خاڵانە هەن کە فەیسبووک کردوونی بە هۆکار بۆ دوورکەوتنەوە لێی، پیاوان و ژنان لە دادگاکان یەکتر تۆمەتبار دەکەن بەوەی لەبەر بەکارهێنانی فەیسبووک ناتوانن ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن، هەروەها ناوزڕاندن و دانانی ئەکاونتی ساختەو دروستبوونی نائارامی و گلەیی زۆر بەرامبەر یەکتر لە چۆنیەتی بەکارهێنانی فەیسبووک.
هەر شتێک ئاڵوودەبوون دروستبکات، گومانی تێدانییە خراپە، لە بیرمە لە قۆناغی ناوەندی، مامۆستایەک هەبوو رێزێکی لە رادەبەدەرمان لێدەگرت، راستییەکەی بەشێکی لەبەر خۆی بوو کە بەڕێز بوو، بەشێکی دیکەی لەبەر کتێبخانە گەورەکەی بوو، تا کتێبی لێ بخوازین و بیخوێنینەوە، بەڵام ئێستا فەیسبووک هەموو کتێبخانەکانی ئیفلیج کردووە.
فەیسبووک تەنها کاتکوژ نییە، بەڵکو نائارامییەکی زۆر و فشاری دەروونیی گەورە لەسەر تاکەکان دروستدەکات، هێزی متمانە بەخۆبوون کەمدەکاتەوە تا ئەو ئاستەی خەڵکی بۆ لایک دەپاڕێنەوە، فەیسبووک لە رووی ژمارەی بەکارهێنەرانەوە یەکەمینە لە عێراق و کوردستاندا.