قەیرانی گەورەتر بەڕێوەیە

سێ ساڵ لەمەوبەر توێژەرێک گوتی 2%ی خەڵکی هەولێر تووشی ڤایرۆسی جگەر بوون، بەڵام هەر رۆژی دواتر روونکردنەوەی دا کە هەڵەی کردووە و رێژەکە بریتییە لە 0.2%. جا نازانم تۆبەی پێ کرا کرا یان هەر بەڕاستی توێژەر هەڵەی وەها گەورە دەکات؟ کارەساتەکە ئەوەیە ئێستا گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی بۆ خۆی دەڵێت 2.5%ی دانیشتووانی هەرێم تووشی ڤایرۆسی جگەر هاتوون. 

بەرپرسی یەکەم لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە کەسی یەکەمی حکومەت و وەزیری تەندروستین، چەند وەختە هاوار دەکەین لە داعش ترسناکترە و مەترسیی زیاترە، بەڵام تەنیا یەک رێکار چییە نایگرنە بەر بۆ رێگرتن لە بڵاوبوونەوەی ترسناکترین جۆرەکانی ڤایرۆس. 

تا ئێستا بەڕێز وەزیری تەندروستیم نەبینیوە کاتێک لە شاشەی تەلەفزیۆنەکانەوە قسە دەکات، باسی ڤایرۆس بکات، باسی ئەوە بکات کە ئەگەر بڵاوببێتەوە چ قەیرانێک دروستدەکات، ئەو تەنیا باسی کۆنترۆڵکردنی دەرمان و نەشتەرگەری و سیستمی نیمچەتایبەت دەکات، لە راستیشدا دەرمان کۆنترۆڵ نەکراوەو دیاریکردنی نرخەکانیش تەنیا مەرەکەبی سەر کاغەزن.
 
بە گوتەی گوتەبێژەکەی وەزارەت، هۆکارێکی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە بەکارهێنانی ئامێری ددان شووشتنە، من پزیشکی ددانم، سێ ساڵ زیاترە لە کلینیکی تایبەت کار دەکەم، تا ئێستا کەسێک نەهاتووە سڵاوێکمان لێبکات، هەر بە دەمی پرسیار بکات کە ئێوە ئامێری پاکژ بەکاردەهێنن یاخود نا؟ بێگومان پزیشکانی ژنانیش کەس ناچێت بە لایاندا، ئەمە شوێنە یاساییەکان بەو شێوەیە لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ئەی دەبێ شوێنە نایاساییەکان چۆن بن! 

پێش مانگی رەمەزان سەندیکای پزیشکیی ددان هاتەوە هۆش خۆی تا شوێنی ددانسازەکان دابخات بە هاوکاریی برایانی ئاسایش، هەڵمەتەکەی یەک رۆژ و سێ ددانسازی گرتەوە، بەڵام بە یەک تەلەفۆنی بەرپرسێکی وەزارەتی تەندروستی، لەبەر خاتری سێ کارمەندی تەندروستی کارەکە راگیرا. 

لە کۆی نزیکەی 40 ددانسازی شاری سلێمانی، تەنیا سیانیان کارمەندی تەندروستین، هەرچی شارۆچکە هەیە ددانسازێک، دووان یان سیانی ئێرانیی تێدایە، لەوانەیە هەر خۆی هەڵگری ڤایرۆس بێت، چونکە لە ئێران رێژەی تووشبووان زۆر بەرزە، لە پێنجوێن ددانسازەکە ئێرانییە و بە خەڵکەکە دەڵێ من بڕوانامەی ئەڵمانیام هەیە، جاران دژی ئەوە بووم خولی فێربوون بۆ ددانسازەکان بکرێتەوە کە هەندێکیان خوێندەوارییەکەشیان لە خولەکانی نەهێشتنی نەخوێندەوارییەوە وەرگرتووە، بەڵام ئێستا لەگەڵ ئەوەدام فێر بکرێن، تا لانیکەم ئەوانەی ویژدانیان هەیە خەڵکی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس بپارێزن، خۆ حکومەت هەیبەتی نەماوە و کەس بەقسەی ناکات. 

ئێستا لە نەخۆشخانەکانی سلێمانی هەر کەسێک کاری ددانی بۆ بکرێت دەبێت پشکنینی ڤایرۆس بکات، بێگومان بەو هۆیەشەوەیە وەزارەت ئاماریان دەستکەوتووە کە چەند تووشبوو هەن، هەنگاوێکی زۆر باشە ئەگەر کلینیکە تایبەتەکانیش بگرێتەوە، ئەو کات ژمارەکە هەڵدەکشێ بۆ دوو هێندە، چونکە ئەوانەی سەردانی کلینیکە تایبەتەکان دەکەن، گومانی زیاتریان لەسەرە هەڵگری ڤایرۆسەکە بن بەراورد بە نەخۆشخانەکان، چونکە عەرەب و تورک و ئێرانی زیاتر دەچنە کلینیکە تایبەتەکان. 

بەپێی پشکنینەکان بێت، رێژەکە لە سلێمانی بەرزەو بێگومان لە هەولێریش بەرزترە، بەڵام کێ هەیە رێگا لەو قەیرانە بگرێت کە ئەگەر گەورەتر ببێت هەزار کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی چارەسەری ناکات و لە قەیرانی بودجە و داعش و سەرۆکایەتی و کۆچی گەنجانیش گەورەتر و مەترسیدارتر دەبێت.