پانتۆڵی تەسک کواڵیتی تۆو دادەبەزێنێ
رووداو- dw
پسپۆڕانی ئەڵمانی دەڵێن پانتۆڵی تەسک دەبێتە هۆی پەکخستنی هەستە دەمارەکانی بەشی خوارەوەی جەستە، بەڵام ئایا دەبێتە هۆی لاوازیی سێکسی؟
گۆتس کریستیان، پزیشک لە بەشی میز و زاوزێ لە نەخۆشخانەی بەنێوبانگی شاریتە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا، دەڵێ سەرەتا شتێک نییە بەنێوی لاوازیی سێکسی، بەڵکو دوو شت هەن: یەکێکیان کەمبوونەوەی توانای رەپبوونی چووکە لە پیاواندا و ئەوی دیکە منداڵ نەخستنەوەیە.
کریستیان دەڵێ پانتۆڵی تەسک بەهیچ شێوەیەک نابێتە هۆی کەمبوونەوەی توانای رەپبوونی چووک. هەروەها ناشبێتە هۆی نەزۆکی، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی ''توێژینەوەی زانستی هەن دەریانخستووە پانتۆڵی تەسک کواڵیتی تۆوی پیاو دادەبەزێنێ". هۆکاری ئەوەش بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی گونەکانە لەنێو پانتۆڵی تەسکدا. بە گوتەی پزیشکەکە ئەم حاڵەتە زیاتر لەو پانتۆڵ تەسکانەدا روودەدات کە بۆ ماوەی دوورودرێژ دادەنیشن.
جگە لە پانتۆڵی تەسک، هۆکاری دیکەش هەن کە کواڵیتی تۆوەکان دادەبەزێنن، وەکوو جگەرەکێشان، گوشاری دەروونی و جەستەیی و سرووشتی خۆراک و ژەمەکانی کەسەکە.
توێژینەوەیەکی زانستی لە زانکۆی زارلاندی ئەڵمانیاوە دەڵێ جگەرەکێشان بەپیتیی پیاوان کەم دەکاتەوە. توێژینەوەیەکی دیکەش، کە لە جۆرناڵی زانستیی (ساینس) بڵاوبووەتەوە، دەڵێ ژەمە خۆراکی ئەوتۆ کە پڕ چەوری بن و کالۆرییەکی زۆر بدەن، زیان لە تۆوەکانی پیاو دەدەن و توانای بەپیتی کەم دەکەنەوە.