پشکنینێکی سادەی میز بەزوویی دەستنیشانی شێرپەنجەی هێلکەدان دەکات


رووداو-سلێمانی

پشکنینێکی نوێی میز لە داهێنان نزیکبووەتەوە کە دەتوانێ هەر زوو دەستنیشانی شێرپەنجەی هێلکەدان بکات، ئەوەش تەمەنی تووشبوان بە راددەیەکی دڵخۆشکەر زیاددەکات.


توێژەرانی زانکۆی هەڵ لە بەریتانیا پرۆتینێکیان دەستنیشانکردووە کە لە شانەکانی خانمانی تووشبوو بە شێرپەنجەی هێلکەدان هەیە، لە قۆناخێکدا کە هێشتا ئەو شێرپەنجەیە نیشانەیەکی ئەوتۆی درووستنەکردووە کە خانمەکە هەستی پێبکات.

زۆرکات خانمان نازانن تووشی شێرپەنجەی هێلکەدان بوون تاوەکوو دەگاتە قۆناخی سێ، لەو کاتەشدا ئەگەر زیندوو مانەوەیان بۆ ماوەی پێنج ساڵ تەنیا 20% دەبێ.

بەڵام پشکنینە نوێیەکە هەر لە قۆناخی یەکی شێرپەنجەی هێلکەداندا دەستنیشانیدەکات، بەوەش ئەگەری زیندوومانەوەیان بۆ پێنج ساڵى داهاتوو دەگاتە 90%.

ئێستا لە وڵاتێکی وەکوو بەریتانیا ساڵانە 7200 خانم تووشی شێرپەنجەی هێلکەدان دەبن، کە زۆربەیان لە قۆناخە پێشکەوتووەکانی نەخۆشییەکەدا دەستنیشاندەبن و 65%یان لە ماوەی 10 ساڵی دەستنیشانبوونی نەخۆشییەەدا دەمرن.