لایەنی تەندروستی لە سوپا پرۆفێشناڵەكاندا

رووداو-سلێمانی

سوپا پرۆفێشناڵەكانی جیهان گرنگییەكی بەرچاو بە پاراستنی تەندروستیی گشتی سەربازەكانیان دەدەن، چونكە بەبێ پاراستنی تەندروستییان، مەحاڵە بتوانن ئەركە سەربازییەكانیان وەك پێویست جێبەجێ بكەن.

هەر لەگەڵ وەرگرتنی سەربازدا پشكنینی تەندروستییان دەكرێت و بەبێ بڕوانامەی تەندروستی، نابێ پەیوەندی بە سوپاوە بكەن.

هەروەك هێزە سەربازییەكان دەبێت تیمی پرۆفێشناڵی تەندروستییان لەگەڵ بێت كە لەگەڵ ئەو كێشە تەندروستییانە مامەڵە بكات كە زۆرتر لە خەڵكی ئاسایی تووشی سەرباز دەبن، لەوانە: برینداربوون بە فیشەك و كەرەستە تیژەكان، لەدەستدانی پەلەكان، زەبری مێشك و سەر.

جگە لەوانە دەبێت میكانیزمەكانی كۆنترۆڵكردنی نەخۆشییە گوازراوەكان رەچاوبكرێن، بەو پێیەی سرووشتی سەربازی وەهایە كە ژمارەیەكەی زۆری خەڵكی پێكەوە و نزیك یەك دەژین، لە نموونەی ئەو میكانیزمانەش، كوتانی سەربازان بە پێكوتەی رێگری لە نەخۆشییە گوزراوەكان، زوو دەستنیشانكردن و چارەسەری نەخۆشییە گوازراوەكانی كۆئەندامەكانی هەرس، هەناسە، پێست، چاو و ئەندامانی دیكەی جەستە.

هەروەك دەبێت دەرمان و پێداویستی هەبن بۆ چارەسەری پێوەدانی مار و دوپشك و هاوشێوەكانیان بۆ ئەوانەی لە شوێنە چۆڵ و دوورە دەستەكان دەژین.

بەهۆی ئەوەی سەربازی، پیشەیەكی پڕ گوشار و ناسازی دەروونییە، هەبوونی یەكەی چارەسەری دەروونیی گرنگن، ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی دڵەڕاوكێ، خەمۆكی و پەشۆكانی دوای كارەسات.