سوودە سەرسوڕهێنەرەکانی سێکس


رووداو - WEBMED

سێکس جگە لەوەی هەستێکی خۆش بە مرۆڤ دەبەخشێت، کۆمەڵێک سوودی تەندروستی هەیە کە ئەمانەن:


1-    سیستمی بەرگری بە چالاکی دەهێڵێتەوە

ئیڤۆنی فوڵبرایت، پرۆفیسۆر لە تەندروستی سێکسی دەڵێت: "ئەو کەسانەی لەرووی سێکسییەوە چالاکن، کەمتر نەخۆشدەبن"، چونکە بەرگرییان باشتردەبێت دژی بەکتریا، ڤایرۆس و مشەخۆرەکانی دیکە.
توێژەرانی زانکۆی پەنسلڤینیا دەڵێن جگە لە سێکس، هەریەک لە خواردنی تەندروست، چالاکی رۆژانە، خەوی تەواو و وەرگرتنی پێکوتەکان لەکاتی خۆیدا بۆ باشترکردنی سیستمی بەرگری جەستە گرنگن.

2-    ئارەزووی سێکسی زیاددەکات

د. لۆرێن سترێچەر، یاریدەدەری پرۆفیسۆر لە نەخۆشییەکانی خانمان و منداڵبوون لە شیکاگۆ رایدەگەیێنێت سێکس ئارەزووی کەسەکە زیاددەکات، هاوکات لە خانمان سووڕی خوێن چالاکدەکات و زێی خانمان بە تەندروستی دەهێڵێتەوە.

3-    میزەچرکە کەمدەکاتەوە

سێکس وەکو وەرزش وایە و ماسولکەکانی حەوزی خانمان بەهێزدەکات، بەمەش رێگری لە تووشبوون بە میزەچرکە دەکات، کە تووشی نزیکەی %30ی خانمان دەبێت.

4-    پەستانی خوێن دادەبەزێنێت

د. ژۆسێف پینزۆن، پسپۆڕی تەندروستی کۆمەڵ ئاشكرایدەکات پەیوەندی هەیە لەنێوان سێکس و دابەزاندنی پەستانی خوێن و ئەوانەی سێکس دەکەن پەستانی خوێنیان کەمترە.

 
5-    وەک وەرزش بەسوودە

د. ژۆسێف پینزۆن دەڵێت سێکس جۆرێکی گرنگی وەرزشە و لە خولەکێكدا 5 کالۆری دەسوتێنێت، چونکە ماسولکەکانی جەستە گرژ و خاو دەکاتەوە، بەڵام دەشڵێت نابێت وەک جێگرەوەی وەرزش سەیری سێکس بکرێت.

6-    مەترسیی نۆڕەی دڵ کەمدەکاتەوە

پزیشكەکەی تەندروستی کۆمەڵ روونیدەکاتەوە سێکسی رێک، بۆ تەندروستی دڵ گرنگە و جگە لەوەی لێدانی دڵ رێکدەخات، هاوسەنگی هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و تێستۆستیڕۆن رادەگرێت، کە کەمبوونی هەرکام لەم دوو هۆڕمۆنە پوکانەوەی ئێسک و نەخۆشییەکانی دڵی لێدەکەوێتەوە.

7-    ئازار ناهێڵێت

د. باڕی کۆمیساروک، لە ویلایەتی نیو جێرسی دەڵێت گەیشتنە ئۆرگازم هۆڕمۆنێک دەردەدات کە وەرگرەکانی ئازار بلۆک دەکات و ئازار ناهێڵێت.

8-    رێگری شێرپەنجەی پرۆستات دەکات

بەگوێرەی توێژینەوەیەک کە لە گۆڤاری دەستەی پزیشكانی ئەمریکی بڵاوکراوەتەوە، ئەو پیاوانەی زۆرتر ئۆرگازم دەبن، مەترسیی شێرپەنجەی پرۆستاتیان کەمترە.

9-    خەوی مرۆڤ باشتردەکات

د. شینی ئەمباردەر، پسپۆڕی دەروونی روونیدەکاتەوە لەدوای ئۆرگازم هۆڕمۆنی پرۆلاکتین دەردەدرێت، کە دەبێتە هۆی خەواڵوویی و خاوبوونەوەی ماسولکەکان.

10-    دەروونی مرۆڤ ئاسوودە دەکات

کاتێک کەسێک لە نزیکی هاوژینەکەیەتی، گوشاری دەروونی کەمترە و هەست بە دڵەڕاوکێ ناکات.