چۆن تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەکاربهێنین؟

رووداو- پزیشكی تۆ 

سۆشیال مێدیا و ئامرازە ئەلیکترۆنییەکانی پەیوەندی بوونەتە شێوازی زاڵی پەیوەندییە مرۆییەکان لە ماڵ و شوێنی کار و یاریدا. 

پسپۆڕان دەڵێن لە سەدەی ٢١ دا سەرکەوتوویی ئەوەیە بزانی سەرکەوتووانە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ئامرازەکانی پەیوەندی وەک ئەوەی پێویستە بەکاربهێنی، بەڵام ئەم گرنگییە نابێ بتگەیێنێتە ئاستێک ئالوودەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ببی، بەڵکو بەپێی سەنگی خۆیان لە ژیانت گرنگییان پێبدەی.

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان توانا دەدەنە بەکارهێنەرهەرکات ویستیان هەڵوێست و روانینەکانیان دەرببڕن، بەڵام وەک دەروونناسان دەڵێن هەموو سەربەستییەک دەبێ هەستی بەرپرسیارێتی لەگەڵ بێ بەرامبەر کۆمەڵگە و تاک. ئەگەر هاوسەنگیی نێوان ئازادی و هەستی بەرپرسیارێتی نەپارێزرا، ئەوە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبنە سەرچاوەی چەندین گرفتی دەروونی و کۆمەڵایەتی.

هەرچەندە ئێستا توێژینەوەی زۆر لەو بارەوە نین، هۆشداری دەدرێ لەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خەڵکی بە خۆیانەوە ئالوودە بکەن، هاوسۆزی مرۆیی و زیندووی نێوانی خەڵکی تێکبدەن، تواناکانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی پەک بخەن و تاکی خودپەسەند بەرهەم بهێنن!

بۆیە وا باشە لەکاتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەم خەمڵاندنە بکەین؛

*بیر لە ئامانجە گەورەکانت بکەوە بیانکە بە پێشڕەوی کار و هەڵوێستەکانت، وەکوو سەرکەوتن لە پیشەکەت و خوێندن، پەیوەندییە مرۆییەکان و پەرەپێدانی بەردەوامی تواناکانت

*خەمڵاندن بکە بۆ ئەوەی تۆڕی کۆمەڵایەتی یارمەتیدەرە یان لەمپەرە لەبەردەم ئەو ئامانجە گەورانەت. تۆمارێکی چەند رۆژە دروستبکە و بزانە تۆڕی کۆمەڵایەتی چەندە کاتت دەبات و چیت پێشکەش دەکات.

*خۆت بە خاوەنی تۆڕی کۆمەڵیەتی بزانە و خۆت ئاراستەی بکە، نەوەک ئەو خاوەنت بێ و ئاراستەت بکا. بیرت نەچێ تۆ ناچار نیت وەڵانی هەموو شتێک بدەیتەوە.