کۆنفرانسی پزیشکانی جوانکاری لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت


رووداو - سلێمانی

دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پزیشکانی نەشتەرگەری جوانکاری و رێککاری لە شاری سلێمانی ئەنجامدەدەرێت. ماوەی کۆنفرانسەکە دوو رۆژ دەبێت و ژمارەیەک لە پزیشکانی نێوخۆ و بیانی لە بەشدار دەبن.

شادیە رەسوڵ، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە سلێمانی رایگەیاند، ئەو پزیشکانەی ئەمڕۆ هاتوون کۆنفرانسەکە ئەنجامدەدەن، وەکو خۆیان دەڵێن تەنیا لە باشووری کوردستانەوە بەشدارییان نەکردووە، بەڵکو لە دەرەوەی کوردستانیش ژمارەیەکی زۆر لەو پسپۆڕانە هاتوونەتە شاری سلێمانی و ئەمڕۆ بەشداری لە دووەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی پزیشکانی جوانکاری و رێککاریدا دەکەن.

پەیامنێری رووداو دەڵێت، ئامانج لە ئەنجامدانی ئەو کۆنفرانسە ئەوەیە پزیشکانی ئەو بوارە لە یەک نزیکببنەوە و سوود لە ئەزموونەکانی یەکدی وەربگرن لە بواری جوانکاری و رێککاری، بە تایبەت کە جگە لە کوردستان و عێراق، پزیشکانی وڵاتانی کەنداو و ئەوروپیش بەشدارن.

کۆنفرانسەکە ئەمڕۆ پێنجشەممە 13-4-2017 دەستپێدەکات و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت. بابەتەکانی کۆنفرانسەکە جۆراوجۆر دەبن لە بوارەکە، هاوکات باس لە ئەزموونی یەکدی و ئەو پێشکەوتنانەش دەکەن کە لە بوارەکە بەدیهاتوون.