سەرخەوێکی شکاندووە و داوای 10 ملیۆن دۆلار قەرەبوو دەکات

رووداو- ئاژانسەکان

هاندەرێکی یانەی یانکیزی ئەمریکی داوای 10 ملیۆن دۆلار قەرەبووی کردووە، بەهۆی ئەوەی کاتێک لە ناو یاریگا خەوی لێکەوتووەو ئەوان وێنەیان گرتووەو بێژەرەکانی ئەو کەناڵە گاڵتەیان پێکردووە.

ئەندریۆ، وەکو هاندەرێکی یانەی یانکیزی لە رۆژی یاریکردنی یانکیز بەرامبەر بۆستۆن رێد بۆکس، لە نێو یاریگا خەو دەیباتەوە و لەو کاتەدا راستەوخۆ کامیرامانی کەناڵی ESPN وێنەی دەگرێت، ئەوەش هەرایەکی زۆری لێکەوتەوەو لە لایەن خەڵکییەوە گاڵتەیەکی زۆری پێکرا، بۆیە داوایەکی یاسایی لەسەر تۆڕی ESPN لە دادگای باڵای ویلایەتی برۆنکس تۆمارکرد و داوای 10 ملیۆن دۆلاری کرد وەک قەرەبووکردنەوە بۆ ئەو کۆمێنت و قسانەی بەهۆی وێنەگرتنیەوە لەسەری کراوە. هەروەها وەکو قەرەبووکردنەوەیەکی دەروونی بۆی، کە بە بڕوای ئەو هیچ کەسێک لە کاتی خەوتنیدا مافی وێنەگرتنی ئەوی نییە.

لە وردەکارییەکانی داواکەیەدا باسی لە دان شوڵمان و جۆن کرۆک، بێژەرەکانی تۆڕی ESPN کردووە، کە بە جۆرەها قسە برینداریان کردووەو وەک گێڵ و مانگایەکی قەڵەو و دەبەنگ ناویان بردووە، سەرباری ئەوەی پێیان گوتووە، ئەو شایەنی ئەوە نییە وەکو هاندەرێک لەو شوێنە ئامادەبێت، ئەمە تەنیا قسەی ئەو نییە، بگرە پارێزەرەکانی پێیان وایە ئەو دوو بێژەرە سنووری کارکردنی خۆیان بەزاندووە.

تۆڕی ESPN و یانەی یانکیز رەتیانکردووە هیچ کۆمێنتێک لەسەر ئەو رووداوە بدەن، بەڵام جارێکی دیکە وێنەی خەولێكەوتنەکەی ئەندریۆیان بڵاوکردووەتەوە، بێ ئەوەی قسەی بێژەرەکانی لەسەربێت.