رووداو- دۆیچەڤیللە
پسپۆڕانی خۆراک دەڵێن تەنیا جۆر و بڕی خواردن هۆکار نین بۆ زیادبوونی کێش، بەڵکوو کاتی خواردنیش کاریگەرییەکی بەرچاوی هەیە.
وەک ئەوان دەڵێن، نابێ لە ماوەی سێ کاژێری بەر لە خەوتندا خواردن بخورێ، چونکە لەو بارەدا توانای جەستە بۆ کاربۆهێدراتەکان کەمە و ئەو وزەیەی دەیدەن بەشێوەی چەوری لە لەشدا کۆدەبێتەوە و دەبێتە هۆی قەڵەوی.
توێژینەوەیەکی زانکۆی پەنسلڤینیا لە ئەمریکا دەریخستووە ئەگەر خواردنەکانمان لەنێوان کاژێر هەشتى بەیانى و 7ى ئێوارەدا بخۆین، ئەگەری قەڵەوبوونمان کەمترە بە بەراورد بەوەی هەمان بڕ و جۆری خواردن لەنێوان 12ی نیوەڕۆ و 11ی شەودا بخۆین، لەگەڵ ئەوەی لە هەردوو بارەکەدا ماوەکە 11 کاژێرە.
مۆنیکا بیشۆف، پسپۆڕی خۆراکناسی لە نێوەندی پزیشکیی خۆراک لە میونیخی ئەڵمانیا دەڵێ شکستهێنانی هەندێک کەس لە دابەزاندنی کێش سەرەڕای پەیڕەوکردنی رێجیم، بۆ هەندێک هەڵەی بچووک دەگەڕێتەوە "بۆ نموونە خواردن لە شەواندا ئەگەر بە بڕی کەمیش بێ زیاتر دەبێتە هۆی قەڵەوی، بە بەراورد بە خواردنی کاتی رۆژ".
خواردنی شەوانە تەنیا کێشی جەستە زیاد ناکات، بەڵکو لە رێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی ئەنسۆلینەوە بە تێپەڕبوونی کات، وادەکات جەستە بۆ کاری ئەو هۆرمۆنە هەستیار نەبێ و ئەنجامەکەشى ئەگەری زۆرە کەسەکە تووشى نەخۆشیى شەکرە بکات.
توێژینەوە ئەمریکییەکە هەروەها دەریخستووە ئەگەر بڕی کالۆرییەکانی شەوانە کەمبکەینەوە و زیاتر بیانخەینە رۆژ، ئەوە ئاسانتر کێشمان دادەبەزێنین. ئەوەش واتا وا باشترە سفرەی نانی ئێوارە خاڵی بێ لە برنج، پەتاتە، ماکەرۆنی و ئەو خواردنانەی دیکە کە بە کارۆهێدراتەکان دەوڵەمەندن.
جگە لە کاتی نان خواردن، ماوەی نێوان ژەمەکانیش گرنگە. بە گشتی وا باشە لە نێوان دوو ژەمی خواردندا لانیکەم 4 – 5 کاژێر خواردنی دیکە نەخۆی، ئەوەش بۆ ئەوەی یارمەتیى جەستەت بدەی ئاستی ئەنسۆلینی خۆی رێکبخات.
وەرزش و جوڵەی نێوان ژەمەکانیش گرنگە بۆ رێکخستنی ئاستی ئەنسۆلینی جەستە و دووربوون لە قەڵەوی و شەکرە.
پسپۆرە ئەڵمانییەکە دەڵێ لایەنی بایۆلۆژیی جەستەی مرۆڤیش گرنگە بۆ سەرکەوتنی رێجیم و دابەزاندنی کێش. "جەستەی هەندێک کەس وەهایە خۆگرە و لەنێوان ژەمەکاندا هیچی ناوێ بۆ خواردن، کەچی هەندێک جەستەی دیکە وەها هەڵکەوتوون کە زوو زوو خاوەنەکەیان بێزار دەکەن و زوو زوو داوای خواردنی لێدەکەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ