چ كاتێك پەتای منداڵ پێویستی بە سەردانی پزیشكە؟


رووداو-سلێمانی

سەندیكای پزیشكانی منداڵ و مێردمنداڵانی ئەڵمانی دەڵێ لە زستاندا منداڵان زۆرتر تووشی پەتا دەبن، ئەویش چونكە ڤایرۆس و میكرۆبە نەخۆشخەرەكان لەو كەشە ساردەدا زۆرترن و كۆئەندامی بەرگریی جەستەی منداڵانیش لاوازە، ئەوەش بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی.


رێكخراوە ئەڵمانییەكە دەڵێ هەركاتێك هاوكات لەگەڵ نیشانەی هەڵامەتی ئاساییدا، چەند نیشانەیەكی دیكە هەبوون ئەوە دەبێ منداڵەكە لەلایەن پزیشكەوە ببینرێ. سەبارەت بەو نیشانانەش كە پێویستییان بە راوێژی پزیشكییە، ئاماژەكراوە بە: بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی بۆ سەروو 38 پلەی سیلیزی، هەناسەتوندی، بەڵخەمی زەرد و سەوز و خۆڵەمیشی یان شینبوونەوەی لێو و نینۆنەكان.

بەپێی راگەیێندراوەكەی سەندیكای پزیشكانی منداڵ و مێردمنداڵانی ئەڵمانی ئەو نیشانانە ئەگەری ئەوە زیاددەكەن كە منداڵەكە تووشی ڤایرۆسی Respiratory Syncytial Virus بووبێت كە لە رێگەی كۆكە، پژمین، دەستدان لە كەرەستەی یاری و دەسكی دەرگای پیسبوو بە ڤایرۆسەكە دەگوێزرێتەوە.

ئەو نەخۆشییە لە كەسانی پێگەیشتودا تەنیا بەشێوەی هەڵامەتێكی ئاسایی دەردەكەوێ، بەڵام لە منداڵاندا توندتر دەبێت و لەوانەیە بە هەوكردنی سییەكان، دۆخی منداڵەكە تێكبدات.

بۆ دووربوون لەو پەتایە، رێكخراوە پسپۆڕییە ئەڵمانییەكە داوادەكات دایكان و باوكان تاكو دەتوانن منداڵەكانیان نەبەنە شوێنی قەرەباڵخ یان نزیك كەسانی تووشبوو بە هەڵامەت، لەگەڵ جەختكردنەوە لە شوشتنی دەستەكان رۆژانە چەندین جار كە هەرجارە لانیكەم 20 چركە بخایێنێ، هەروەها بەكارهێنانی كلینیكس و دەستەسڕ لەكاتی پژمیندا.

خێزانی ئەو منداڵانەی ناكامن، نەخۆشی دڵ و سییەكانیان هەیە یاخود بەرگریی جەستەیان لاوازە دەبێ رێوشوێنەكانی خۆپارێزیی تییاندا توندوتۆڵتر بێ.