گوێز پارێزەری دڵ و دوژمنى شێرپەنجەیە
رووداو- DPA
گۆڤاری (ئیللی) ئەڵمانی کە گرنگی بە تەندروستی و جوانی دەدات، دەڵێ یەکێک لە رێگاکان بۆ ئەوەی لە زۆر رووەوە تەندروست بی، ئەوەیە رۆژانە گوێز بخۆی، حەوت هۆکاریشی دیاریکردوون بۆ ئەو مەبەستە:
1- هاوڕێی دڵە:
گوێز دەبێتە هۆی دابەزاندنی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن و گوشاری خوێن، هەروەک نێوپۆشی بۆڕییەکانی خوێن تەندروست دەهێڵێتەوە و نەرم و نیانی بۆڕییەکانی خوێن دەپارێزێ.
2- دژی شێرپەنجەیە:
گوێز تەشەنەکردنی شێرپەنجە هێواش دەکاتەوە، دەرکەوتووە ترشە چەورییە سوودبەخشەکانی نێو گوێز کاردەکەن لەسەر هێواشکردنەوەی گەشەی شانە شێرپەنجەییەکان.
3- مەترسیی شەکرە کەم دەکاتەوە:
باشکردنی کاری بۆڕییەکانی خوێن و دابەزاندنی ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشیی شەکرە لەسەر کەسەکە.
4- گەنجینەیەکە لە کانزا و ڤیتامین:
گوێز پڕە لە پۆتاسیۆم، کالیسیۆم و مەگنیسیۆم. بۆ تەندروستی ئێسک و ماسولکەکان گرنگە. هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی B6 و E کە بۆ تەندروستی و جوانیی پێست و موو پێویستن.
5- توانای سەرنجدان زیاد دەکات:
بەهۆی بڕێکی زۆری ڤیتامین (B)، گوێز وزە و چالاکیی بە مێشک دەدات، ئەوەش ئاستی سەرنجدان و توانا هزرییەکان زیاد دەکات، ئەوەش بەتایبەت بۆ کەسانی بەتەمەن گرنگە.
6- دڵەڕاوکێ سەرکوت دەکات:
بەهۆی پۆتاسیۆم و ترشەچەورییەکانەوە، گوێز ئاستی هۆرمۆنەکانی گوشار کۆنتڕۆڵ دەکات، هەروەک مەگنیسیۆم بۆ خاوکردنەوەی ئەو ماسولکانە گرنگە کە بەهۆی گوشار و دڵەڕاوکێوە گرژ دەبن. گوێز هەروەها هانی دەردانی هۆرمۆنی (میلاتۆنین) دەدات کە گرنگە بۆ خەوێکی هێمن و ئاسوودە.
7- کلیلی باڵاڕێکییە:
هەرچەندە گوێز گەرمۆکەیەکی زۆر دەبەخشێتە جەستە، بەڵام هەستی تێرییەکی تەواو و درێژ دەبەخشێ و ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە.