هەڵمەتێک بۆ ئاوارە
رووداو - هەولێر
بۆ بەردەوامبوون و باشترکردنی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بە ئاوارەکان، پێویستە وەزارەتی تەندروستی هەڵمەتێکی نێودەوڵەتی ڕێکبخات، لە هەولێر بێت یان پایتەختی وڵاتێکی دیکە، بۆ نموونە ئوردن یان ئیمارات.
رۆژی 28ی تەمموز، نەتەوە یەکگرتووەکان راگرتنی 184 خزمەتی تەندروستی لە عێراق راگەیاند، لەگەڵیدا هۆشداریشی دا لە مەترسی سەرهەڵدانەوەی سورێژە و ئیفلیجیی منداڵان.
خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بریتین لە چاودێری و کوتانی ژنانی دووگیان و منداڵان، چاودێریی ئاوی خواردنەوە، تەندروستیی گشتی، هەروەها پرۆگرامی چارەسەری سیل و کوتان دژی سورێژە و ئیفلیجی.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە کوردستان دەڵێت قورسە بتوانن بەردەوامی بدەن بە خزمەتی تەندروستی بۆ ئاوارەکان بێ یارمەتی رێکخراوەکان.
نزیکەی ملیۆن و نیوێک ئاوارە روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام ئایا وەزارەتی تەندروستیی عێراق بەشە دەرمانی ئاوارەکان دەنێرێت؟
نەخۆشخانەی هیوا بۆ چارەسەرکردنی کەسانی تووشبوو بە شێرپەنجە، رۆژانە پێشوازی لە دەیان نەخۆشی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات، کە رێژەکەیان دەگاتە 40%ی سەرجەم نەخۆشەکان، بەڵام وەزارەتی تەندروستیی عێراق، ئەوکات کە وەزیرەکەی کورد بوو، نەیتوانی هەر هیچ نەبێت بەشی نەخۆشە عەرەبەکان تایبەتمەندی ببەخشێتە نەخۆشخانەی هیواو کۆمەکیان بکات، بێگومان وەزیری تەندروستی و دارایی ئێستاش، تایبەتمەندییان نەداوەتە هەرێم، بۆ ئەو ژمارە گەورەیەی ئاوارە.
نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان پڕ بوون لە ئاوارە، لە هەندێک نەخۆشخانە هیچ هەستێکت نامێنێت بەوەی وا تێبگەیت لە کوردستانیت، ئەوان، عەرەبەکان، خەڵکانی چاوکراوەن و لە کوردەکانیش کەمتر شەرم دەکەن، کون و قوژبنی نەخۆشخانەکان شارەزا بوون و لە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیش ئاگادارن، کاتێکیش دەبینن بەراورد بە نەخۆشخانەکانی شوێنەکانی خۆیان، لێرە خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە، ئەوانیش زیاتر ئارەزووی هاتن بۆ نەخۆشخانەکان دەکەن.
لەم بارودۆخە خراپەی هەرێمی کوردستاندا، پێویستە وەزارەتی تەندروستی کۆنگرەیەک، کۆنفرانسێک، گەلەکۆمەیەک، یان شتێکی لەو بابەتە رێکبخات بۆ ئەوەی هاوکاریی ماددی و تەندروستی کۆبکاتەوە، ئیتر هەر لە دەرمان و ئامێری پزیشکی و ئۆتۆمبێلی ئەمبولانس و جۆرەکانی کوتانەوە، تا دەگاتە پێداویستیی نەخۆشخانەکان.
مردنی 52 منداڵی ئاوارە لە بەغدا بەهۆی گەرماوە، کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لێکەوتەوە، لە لێدوانەکانیشدا، پەسنی هەرێمی کوردستان دەدرا بەوەی ژمارەیەکی گەورەی ئاوارەیان لەخۆ گرتووەو لە هەمان دۆخی گەرماشدا یەک منداڵ بەو هۆکارە گیانی لەدەستنەداوە.
هەرێمی کوردستان ناوبانگێکی گەورەی پەیداکردووە بە لەخۆگرتنی ئەو ژمارە گەورەیەی ئاوارە، ملیۆن و نیوێک ئاوارە بۆ هەرێمێک کە ژمارەی دانیشتووانەکەی نزیکەی پێنج ملیۆنە، بەڵام تورکیا کە ژمارەی دانیشتووانی نزیکەی 75 ملیۆنە و بەو پێوەرەش نزیکەی 15 هێندەی هەرێمی کوردستان دەبێت، کەچی دوای وەرگرتنی ملیۆنێک و 700 هەزار ئاوارەی سووریا، هاواری لێ بەرزبووەوە و رایگەیاند کە ئیتر ناتوانێت ژمارەیەکی زیاتری ئاوارە وەربگرێت.
خاسیەتێکی گرنگی ئاوارەکان بریتییە لە جیاوازییان لە ئاین و زمانیاندا، وەزارەتی تەندروستی دەتوانێت وڵاتانی سوننە مەزهەب و مەسیحی و وڵاتانی مرۆڤدۆست بۆ کۆنفرانسەکە بانگهێشت بکات، لە رێی دۆکیومێنتەوە پێشانیان بدات کە هەرێمی کوردستان چ خزمەتێکی پێشکەشکردوون و ئێستاش دوای راگرتنی پرۆژە تەندروستییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەکان پێویستیان بە چ هاوکارییەکی تەندروستی هەیە، بە ژمارە بۆیان روونبکاتەوە کە نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان چ جۆرە فشارێکی گەورەیان لەسەرە و هەرێمی کوردستانیش چ قەیرانێکی گەورەی دارایی لەسەرە.