توێژینەوە: جگەرەی ئەلیکترۆنی خانەکانی بەرگری لەنێودەبات
رووداو-سلێمانی
توێژینەوەیەکی نوێی پزیشکی دەریخستووە جگەرەی ئەلیکترۆنی بەشێک لە خانە زیندووەکانی کۆئەندامی بەرگری لەنێودەبات و زیانی گەورەتر لەوەی پێشووتر زانرابوو لە کۆئەندامی بەرگری بە گشتی دەدات.
توێژەرەکان دەڵێن جگەرەی ئەلیکترۆنی دەبێتەهۆی زیاندان لە خانەکانی بەرگری لە سییەکاندا و ئەگەری تووشبوونی سییەکان بە هەوکردن زیاددەکات.
هۆشداریشیان داوە ئەو بۆچوونە مەترسیدارە کە وایدەبینێت جگەرەی ئەلیکترۆنی بێوەی و بێزیانە.
بەڵام دەستەی تەندروستی گشتی ئینگلتەرا ئێستاش دەڵی جگەرەی ئەلیکترۆنی لە جگەرەی ئاسایی کەمزیانترە و دەڵێ با ئەوانەی جگەرەی ئاسایی دەکێشن دوودڵ نەبن لە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی وەک کارایەکی یاریدەدەر بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان.
توێژەرەکان بە تاقیکردنەوەی شانەکانی سییەکان لە تاقیگەدا، بۆیان دەرکەوت جگەرەی ئەلیکترۆنی لەمپەر دەخاتە بەردەم خانەکانی بەرگری لە چیکڵدانەی سییەکاندا، کە ئەرکیان کردنەدەرەوەی تەپوتۆز، بەکتریا و ماددەکانی وروژێنەری هەستەوەرییە.
لە توێژینەوەکەدا جەختکراوەتەوە کە جگەرەی ئەلیکترۆنی کەمزیانترە لە جگەرەی ئاسایی و ئەگەر بە مەبەستی وازهێنان لە جەگەرەکێشان بەکاربهێنرێ کارێکی باشە، بەڵام دەبێ بۆ ماوەیەکی سنووردابێ، هەروەک مەترسیدارە کەسانی جگەرەنەکێش رووبکەنە بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی.
توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (Thorax) بڵاوکراوەتەوە.