چیرۆکی گەنجە چووک شکاوەکە!
کوڕە گەنجە 25 ساڵانەکە، شەرمێكی زۆر بە رووخسارییەوە دیاربوو کە هاتە ژوورەکەی پێشوازی لە نەخۆشخانەکەی تایبەت بە فریاکەوتن، بەهێواشی وتی دکتۆر سەرم دێشێت و ئازارەکەی بەرگەی ناگرم، بەڵام دواتر دەرچوو ئازارەکە هی سەری نییە و سەرئێشەکەی بۆ شاردنەوەی ئازارە راستەقینەکەیەتی.
شەوێكی درەنگ بوو، لە نەخۆشخانەی فریاکەوتن وەکو پزیشك لەکاتی ئەرکدا بووم، من و دوو پزیشكی کچ بووین، کوڕێكی گەنج کە هاتە ژوورەوە خۆی لە ئەوان دزییەوە و بەرەو ڕووی من هات، بەهێواشی گوتی: "دکتۆر سەرم دێشێت، دەتوانی فەحسم بکەیت، بەڵام ئەگەر بکرێ، لەم تەنیشتە با کەس ئاگای لێمان نەبێت"!.
لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان هەرچەندە هەموو هەوڵێك دەدرێت تایبەتمەندییەکانی نەخۆش بپارێزرێن، بەڵام لەبەر قەرەباڵخی نەخۆشخانەکان و لەبەرئەوەی زۆرێكیش لە نەخۆشەکان ئازارەکەیان هێندە تایبەت نییە کە سکئێشە، سنگئێشە، سەرئێشە، بەربوونەوە، چوونەنێوەوەی تەنێكی بێگانە بۆ ناو چاو و بۆ ناو گوێیە، کەمتر پزیشك دەپڕژێتە سەر شاردنەوەی نهێنی نەخۆش، بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا پزیشك داوادەکات و لەشوێنی تایبەت پشكنین دەکرێت.
فەرمووم کردە سەر بێدەکە دابینشێت، کە بە پەردەیەک دەورە دراوە، گەنجەکە یەکسەر گووتی: "دکتۆر من نە زەختم هەیە و نە شەکرە، نە تەمەنیشم هێندە زۆرە لە سەرئێشەکەم بترسین، من سەرم نائێشێت، بەڵکو چووکم شکاوە"!.
بەشڵەژاوی پرسی: دکتۆر ئایا چووک هێندە بە ئاسانی دەشکێت؟ ئایا شکانی چووک مەترسیدارە؟ ئایا بە شکانی چووک مەترسیی لەسەر داهاتووی زیندەگیم دروستدەبێت؟ چووک لە چی پێکدێت، ئایا چووک ئێسکی تێدایە تاوەکو بشکێت؟ بەردەوام بوو لە پرسیارەکانی کە ئایا چارەسەری شكانی چووک چییە و چۆن دەکرێت چاکببمەوە؟ ئەوانە هەموو ئەو پرسیارانە بوون کە کوڕە گەنجەکە لەمنی دەکردن، بۆ منیش یەکەم و دواین حاڵەت بوو کە بینیبێتم لەو کاتەوە، یەکسەری داوای پزیشكی میزەڕۆمان کردوو و ئەوان خەریکی کاری خۆیان بوون، ئەوان نەخۆشەکەیان بردە ژوورەوە و خێزانەکەی لەپێش دەرگا و ئێمەش وەکو حاڵەتێكی دەگمەن چاوەڕێی ئەنجامی چارەسەرەکەبووین!
لێرەدا دەمەوێت وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە بدەینەوە بەگوێرەی زانستی پزیشكی، کە رەنگە پرسیاری هەموو گەنجێك بن!
چووک لە چی پێکدێت، ئایا چووک ئێسکی تێدایە؟
چووک لە سێ بۆڕی لوولەیی پێکهاتووە، دوویان وەک باڵۆن وان، کاتێك پڕ دەبن لە خوێن، چووک رەپ و رەق دەبێت. بە پێستێكی تایبەت دەورەدراون، کە هەم لە درێژیدا و هەمیش لە پانیدا لەکاتی رەپبوونی چووک زیاددەکات و دەکشێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆڕییەکی بچووکترە و لەژێر چووکە، کە بۆڕی میزە و میزی پێدەکرێت. بۆیە دەتوانین بڵێین چووک هیچ ئێسکێكی تێدا نییە.
شکانی چووک چییە؟
شكانی چووک تەنیا ئەفسانە نییە، بەڵکو بەڕاستی چووکی مرۆڤ دەشکێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە هیچ ئێسکێک لە چووکدا نییە، شكانەکەی وەک شکانی ئێسکی ران و قۆڵ نییە.
شکانی چووک کاتێک روودەدات کە لەکاتی رەپبوونیدا، چووک بەر هێزێكی دژ دەکەوێت و بە شكانی چووک ناودەبرێت.
چووک چۆن دەشكێت؟
د. جاکۆب راجفەر، پڕۆفیسۆری میزەڕۆ لە زانکۆی کالیفۆڕنیا دەڵێت لەکاتی هاتنەجۆش و هەوەسبزواندن، خوێن دەچێتە دوو بۆڕییە باڵۆنییە گەورەکان و پەستان دروستدەبێت، ئەمەش وا دەکات چوک رەق و توند بێت، کە بە زەحمەت دەنوشتێتەوە، بۆیە کاتێك زەبرێكی بەردەکەوێت، بۆ نموونە کاتێك بە هێزێكی زۆر دەکەوێتە سەر حەوزی ئافرەت لەکاتی سێكس، دەبێتەهۆی هێزێكی دەرەکی زۆر و ئەو شانانەی دەورەی چووکیان داوە، ناتوانن بەرگەی زەبرەکە بگرن، بۆیە لەو کاتەدا چووک دەشكێت.
د. جاکۆب راجفەر روونیدەکاتەوە شکانی چووک تەنیا لەکاتی رەپبوونی چووکدا روودەدات، کاتێك چووک دەنیشێتەوە، پەستانی نێو چووک کەمە و بە ئاسانی دەتوانێت بچەمێتەوە و بەرگەی هێزە دەرەکییەکان دەگرێت.
نیشانەکانی شکانی چووک
پڕۆفیسۆرە ئەمریکییەکە ئاشکرایدەکات ئەگەر تۆ چووکی خۆتت شکاند، ئەوا زوو هەستی پێدەکەی، ئاشکراترین نیشانەشی دەنگی شکانە کە هەستی پێدەکرێت و بەهۆی برینداربوون و پسانی شانەکانەوەیە.
یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی بریتییە لە نەمانی رەپبوون، هەروەک ئەوەی کە دەرزییەک بە باڵۆنێكی پڕ هەوادا بکەیت، کە چۆن دەفیچێتەوە، دواتر چووک ئەستووردەبێت، رەش و شین دەبێتەوە و ئازارێکی زۆری دەبێت.
ئەگەر شکانەکە بۆڕی میزی گرتبێتەوە، ئەوا بە دڵنیایی هەست بە بوونی خوێن دەکەی لەکاتی میزکردن.
هۆکارەکانی شکانی چووک؟
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی ئەمریکی زۆربەی حاڵەتەکانی شكانی چووک لەکاتی سێکس روودەدەن، ئەمەش چ خۆبەخۆ بێت، یان لەکاتی سێكس لەگەڵ کەسی بەرامبەردابێت. دیارترین هۆکارەکانی دیکەی چووکشکان ئەمانەن:
- کەوتنە سەر چووکی رەپبوو لەکاتی خەوتن
- بەربوونەوە بەسەر چووکی رەپبوو
- بەرکەوتن بە حەوزی ئافرەت لەکاتی سێکس
- دەستلێدان و زۆرنووشتاندنەوەی چووک لەکاتی رەپبوون لەلایەن خوودی کەسەکە. "ئەمە ئەو حاڵەتەیە کە گەنجەکەی باسم کرد بەهۆیەوە چووکی شکابوو".
چی بکرێت لەکاتی شکانی چووک؟
د. جاکۆب راجفەر روونیدەکاتەوە کە شكانی چووک حاڵەتێكی شەرمهێن و بێزارکەرە، بەڵام پێویستە زوو سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە بکەی.
دەستنیشانکردنی شكانی چووک لەرێگەی پشکنینی دەستی، وێنەگرتنی تیشكی بۆڕی میز یان بەهۆی MRI دەبێت.
چارەسەری شكانی چووک
بەکارهێنانی خێرای پارچەیەک بەفر بۆ کەمکردنەوەی ئەستووربوونەکەی بۆ ماوەی 10 خولەک، پاشان لە نەخۆشخانە دانانی سۆندەی میز بۆ بەتاڵکردنی میزڵدان، وەرگرتنی دەرمانی دژە هەوکردن و دەرمانی ئازارشكێن.
هەروەها یەکێكی دیکە لە چارەسەرە پزیشكییەکان نەشتەرگەری رێكکردنەوە و چاکردنەوەی چووکە، بەمەش مەترسی خوێنبەربوون کەمدەبێتەوە و دواتر خوێنبەر و خوێنهێنەرەکان رێککارییان بۆ دەکرێت، لەدوای ئەمەش دەبێت هەموو برین و بڕانێکی پێکهاتەکانی چووک بە بۆڕی میزیشەوە رێكدەکرێنەوە.
ئەگەری چاکبوونەوە چەندە؟
زۆربەی ئەوانەی نەشتەرگەرییان بۆ دەکرێت، بەباشی چاکدەبنەوە هەرچەندە دەکەوێتە سەر تووندی شکانەکەی، بەڵام دەبێت کەسەکە لانیکەم مانگێك لە سێكس دووربکەوێتەوە، دواتر توانای سێکسی و میزکردن بۆ کەسەکە دەگەڕێنەوە.
لەو حاڵەتەی لای ئێمە روویدا نەشتەرگەرییەکە بە سەرکەوتوویی ئەنجامدرا و ئێستا کەسەکە چاکبووەتەوە و تەنانەت هاوسەرگیریشی کردووە.