ئەشیعە لای پزیشک، چارەسەر لەلای بەیتار
وەکو هاوبەشمان لێهاتووە لەگەڵ بەیتارەکان، نەخۆش دێتە نەخۆشخانە و داوای ئەشیعە دەکات، دوای پشکنین کە پزیشك ئەشیعە بۆ دەنووسێت، تەنیا رایەکی سەرەتایی لەسەر وەردەگرێت، پاشان دەڵێت: دکتۆر لێرە چارەسەری بۆ ناکەم، دەیبەمە بەیتار.
بۆیە پێشنیاز دەکەم بۆ حکومەت، ناوی هەموو بەیتارەکان تۆماربکات و لەگەڵ پەیمانگەی تیشك ریکبکەوێت، ساڵانە ژمارەیەک دەرچووی بەشەکەیان لە ماڵی بەیتارەکان دابمەزرێن، تاوەکو نەخۆش پێویستی بەوە نەبێت کە چیدیکە تەنیا بۆ تیشك بێتە نەخۆشخانە، یان ئەوەی رێگە لەو هەموو بەیتارە بگیرێت کە بەبێ هیچ شارەزاییەک لە توێکاری و جەستەی مرۆڤ کاردەکەن و دەست و پێی نەخۆش رادەکێشن.
بەڵام سیفەتە باشەکەی بەیتارەکان ئەوەیە، زۆربەیان بەبێ بوونی ئەشیعە دەست لە شوێنە شکاوی و لەجێچوونەکە نادەن.
دوای سڵاو ئەشیعەی دەوێت!
یەکەم ساتی دەستپێکردنی کارەکەمم لە نێو ئەو نەخۆشخانە فریاکەوتنەی کە تایبەت بوو بە رووداوەکان ببەوە دەستپێکرد، کە دوای سڵاوکردن پزیشكەکەی هاوڕێم گووتی هەر نەخۆشێک کە دێتە نەخۆشخانە شەڕێکی دەوێت، چونکە هەرچی سڵاو دەکات، یەکسەر داوای ئەشیعەت لێدەکات.
پزیشكەکەی هاوڕێم شیفتەکەی دایە من و باری ئەو نەخۆشانەی پێگووتم کە لە قاوش خەوێندراون، ئەو خواحافیزی کرد و شەڕی من لەگەڵ نەخۆشیی نەخۆشەکان لێرەوە دەستیپێکرد.
لە 2-3 کاژێری یەکەم، بەشێک لە نەخۆشەکان بە گفتوگۆکردن لەوە تێدەگەیشتن کە ئەشیعەیان پێویست نییە، یان کە باسی زیانەکانم بۆ دەکردن، وازیان لە داواکردنی ئەشیعە دەهێنا، ئەوانەی کە هاتبوون، حاڵەتەکەیان سارد بوو، واتە رۆژانی پێشووتر بەربوونەوەیان هەبووبوو، یان حاڵەتی ئەم رۆژە بوون، بەڵام پێویستییان بە ئەشیعە نەبوو.
چارەسەری هەندێکی دیکە لە نەخۆشەکان ئاسایی و بەبێ کێشە تێنەدەپەڕی، چونکە ئەوان تەنیا بە دەرمان رازی نەبوون و داوای وێنەگرتنی تیشكی (ئەشیعە)یان دەکرد، تەنانەت بەشێكیان دەیانگوت: ئەگەر ئەشیعەم بۆ نانووسی، ئەوە چارەسەریشم ناوێت!
ئەشیعە بۆ کێ دەنووسرێت؟
لە نەخۆشخانە فریاکەوتنەکان، لە بەشی رووداوەکان تەنیا ئەو حاڵەتانە وەردەگیرێن، کە نەخۆش پێویستی بە چارەسەری خێرا هەیە، بۆ نموونە نەخۆشێک دێت کە گوومانی ئەوەی دەکەی کە شکانی هەبێت، یان لەکاتی بەربوونەوەکەی مەترسی لەسەر لوولەکانی خوێنی دروستبووبێت و ئەگەری ئەوەی هەبێت یەکێك لە پەلەکانی تووشی لێکەوتەی خێرا ببێت.
بێگومان یەکێک لە بنچینەکانی دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی ئێسک و شکان، ئەشیعەیە، بەتایبەت لە نەخۆشخانەیەکی فریاکەوتنی تایبەت بە رووداوەکان، ئامێری ئەشیعە کۆڵەگەیەکی نەخۆشخانەیە، بەڵام ئەمەش مانای ئەوە نییە هەر نەخۆشێك گەیشتە نەخۆشخانە ئەشیعەی پێویستە.
پزیشك لە خوێندنی کۆلێژدا فێری ئەوە دەکرێت، پێش وێنەگرتنی تیشكی بۆ نەخۆشێك کە بەربووتەوە، دەبێت سەرەتا پشکنینی بۆ بکات، بە هەریەکە لە بینین، هەستکردن و جوڵە فکرەیەک لەسەر حاڵەتەکە وەردەگرێت، دواتر لەرێگەی ئەشیعە بڕیار لەبارەی شکان و نەشکانی دەدات.
پزیشك ئەو کاتە ئەشیعە دەنووسێت، کە نەخۆشەکە برینێکی زۆری هەیە، یان شێوازی ئاسایی ئەندامەکەی جەستەی شێواوی پێوە دیارە، یاخوود کەسێك دێت کە شێوازی رووداوەکەی ئاسایی نەبووە و گومانت لادروستدەبێت، کە ئەم ئێسکەی جەستەی مرۆڤ زەحمەتە بەرگەی ئەم هێزەی گرتبێت و سەلامەت دەرچووبێت. هەروەها کاتێک لەکاتی پشکنینی فیزیکی هەریەکە لە نیشانەکانی وەک سووربوونەوە، ئەستووربوون، نەمانی جووڵە، ئازارێكی زۆر لەکاتی دەستلێدان و چەندین نیشانەی دیکەی هەن کە لە ئەگەری هەبوونی شکان زۆرتر دیاردەکەون.
باوک و دایکی نەخۆشەکە داوای چییان کرد؟
هێندەی نەبرد، ژنێک و پیاوەکەی، بە عارەبانە پزیشكییەکە منداڵەکەیان کە تەمەنی 5 ساڵان دەبوو، هێنایە ژوورەوە، دایکەکەی یەکسەر گووتی ئەشیعەیەکمان بۆ بگرە دەمانەوێت بزانین قاچی چی لێهاتووە، کە پشکنینم بۆ نەخۆشەکە کرد، گومانێکی زۆرم هەبوو کە شکانی هەیە. دوای ئەوەی زانیم نیشانە زیندەگییەکانی جێگیرن، ئەشیعەیەکم بۆ نەخۆشەکە نووسی و رێنماییم کرد تاوەکو بچنە ژووری تیشک.
زۆری پێنەچوو، هاتنەوە، سەیری ئەشیعەکەم کرد، بینیم هەردوو ئێسکی قاچی (قامیش و تەڵەزم)ـی شکابوون و تەواو لە یەکدی ترازابوون، پێیانم گوت: پزیشكی نیشتەجێی دێرینی ئێسک و شکان لێرەیە و دەبێت ئەو نەخۆشەکەتان ببینێت.
ئەوەی سەیربوو لە خێزانەکەوە گوێم لێبوو، باوکی منداڵەکە گوتی: دکتۆر پێویست ناکات، پێشتر بەیتاریش قاچی منداڵەکەی راکێشا، بەڵام داوای ئەشیعەی کرد و ئێستا ئەشیعەکە دەبەینەوە لای بەیتارەکە.
بۆچی پزیشک ئەشیعە نانووسێت!
پزیشک زۆرجار کە دەزانێت نەخۆشەکە پێویستی بە ئەشیعە نییە، تەنیا ئازارشکێن بۆ نەخۆشەکە دەنووسێت، بەڵام نەخۆشەکان گلەیی ئەوە دەکەن کە بۆچی پزیشک ئەشیعە نانووسێت؟
پزیشک پێش بڕیاردان بۆ گرتنی تیشک چەندین زانیاری مەترسیداری لەسەر تیشک هەن، ئەو دەزانێت گرتنی ئەشیعە لەماوەی دووگیانی، مەترسی تووشبوونی منداڵەکە بە شێرپەنجە بەرێژەی 40% زیاددەکات، هاوکات لەکاتەکانی دیکەش دووبارەبوونەوەی گرتنی تیشک مەترسی چەندین جۆری شێرپەنجە زیاددەکات، هەروەها ساڵانە تەنیا لە ئەمریکا نزیکەی 4000 کەس بەهۆکارەکانی پەیوەست بە بەرکەوتنی تیشک دەمرن.