دەرمانێک هەستی گەیشتن بە لێواری مردن درووستدەکات

15-08-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن دەرمان، مردن، ئەزموونی لێواری مردن
A+ A-


رووداو ـ سلێمانی

توێژینەوەیەک دەریخستووە دەرمانێکی دەروونی دەبێتەهۆی درووستکردنی ئەو هەستەی روودەدات کاتێک کەسێک دەگاتە لێواری مردن.


راپرسییەک لەنێوان ئەو کەسانەی ئەزموونی قۆناخی پێش مردنیان کردووە و ئەوانەی دەرمانی (DMT) یان بەکارهێناوە، دەریخستووە لێکچوونێکی سەرسوڕهێنەر لەنێوان هەستەکانیان هەبووە.

توێژەرانی کۆلێجی شاهانەی لەندەن دەڵێن ئەو هەستەی روودەدات کاتێک کەسێک دەگاتە لێواری مردن، تەنیا بەهۆی گۆڕانکارییەکی ماددی لە مێشکی کەسەکەدا روودەدات و بابەتێک نییە لە دەرەوەی قاوخی مێشک.

ئێستا پاشئەوەی دەرکەوت دەرمانەکەش هەمان هەست درووستدەکات، توێژەرەکان هیوادارن وردتر لە سرووشتی ئەو گۆڕانکارییە ماددییانەی مێشک تێبگەن کە هەستێکی تایبەت دەداتە ئەو کەسانەی دەگەنە لێواری مردن.

دەرمانی (DMT) کار لە دەروونی مرۆڤ دەکات و بەشێک لە خێڵەکانی ئەمریکای لاتینی و نێوەڕاست لە یەکێک لە رووەکەکانی ناوچەکانیان درووستیدەکەن و لە سرووتە لۆکاڵییەکانی خۆیان دەیخۆنەوە.

لە توێژینەوەکەدا راپرسی کراوە لەنێوان 67 کەس کە پێشووتر ئەزموونی لێواری مردنیان کردووە، هەروەها 13 کەس کە دەرمانەکە یان دەرمانێکی وەهمییان بەکارهێناوە.

لە ئەنجامدا دەرکەوت چەندین خاڵی هاوبەش هەن لەنێوان ئەوانەی هەستی گەیشتنە لێواری مردنیان هەیە و ئەوانەی دەرمانی (DMT) یان بەکارهێناوە.

ئەو کەسانەی دەگەنە لێواری مردن، دەگێڕنەوە کە هەستیان بە کۆمەڵێک رووداو کردووە، لەوانە؛ هەستکردن بە جوودابوونەوەیان لە جەستەیان، بینینی رووناکییەک لە کۆتایی تونێڵێکی تاریکدا، بینینەوەی کردەوە و رووداوەکانی ژیانی رابردوویان بە خێرایی و هەندێک هەستی دیکە.

توێژەرەکان دەڵێن تێگەیشتن لە هۆکار و رێوشوێنەکانی روودانی ئەزموونی لێواری مردن، وادەکات خەڵکی تێگەیشتن و ئامادەگییەکی واقیعیتریان بۆی هەبێ.

توێژەران بە توندی هۆشدارییان داوە لە بەکارهێنانی دەرمانەکە و گوتوویانە ئەوان بە مەبەستی توێژینەوە لەسەر چەند خۆبەخشێک تاقییانکردووەتەوە و لە ماوەی توێژینەوەکەدا لەژێر چاودێری وردی پزیشکیدا بوون.

توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی (Frontiers in Psychology) بڵاوکراوەتەوە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە