ئەو گازەى جەستە فڕێی دەدا، ئێمە بە پارە دەیخەینەوە ناوى!
ئەوانەى بایی ئەوەندە تەمەنیان هەیە ساڵانى نەوەتەکان بە خوارەوەیان لەبیر بێ، دەزانن کە ئەو دەمانە نۆشینى خواردنەوە گازاوییەکان وا بوو کە تەنها لە شووشەدا بوون و دواى خواردنەوەیان دەبووایە شووشەکان بگەڕێنرانایەوە بۆ فرۆشیارەکان، هەر بۆیە لە هەر ماڵێ چەند دانەیەک شووشەى بەتاڵ هەبوو، لە کاتى کڕیندا لەگەڵ خۆیاندا دەیانبرد بۆ دوکانەکان و لەگەڵ خۆیاندا هى پڕیان دەهێنا! کاتێک واى لێهات لە قوتوو بنرێن و دواى خورانەوەیان فڕێ بدرێن و نرخیان هەرزان بێ و بە سێت بکڕرێن و بخورێنەوە، ئیتر قسە و باس کەوتە سەر زیانیان بۆ سەر تەندروستیمان.
ئێستا خواردنەوەى خواردنەوە گازاوییەکان بە جۆرێک باو بووە، کە بەپێى داتاى رێکخراوە تەندروستییەکان لە ئاو زیاتر دەخورێنەوە! جا شتێک با سوودبەخشیش بێ، کە زۆر بوو بۆر ببێ، دەبێ شتێک کە زیانى زۆر و سوودیشی نزیک بە هیچ بێ، ئەوەندەش زۆر بخورێتەوە، چیی لێبکەوێتەوە؟! ئەوە روون بووەتەوە کە ئەو خواردنەوانە ساڵانە 184 هەزار کەس لە جیهاندا دەکوژن.
یەکێک لە گەورەترین کێشە تەندروستییەکانى ئەم سەردەمە قەڵەوییە، کە هۆى سەرەکیی ئەمەش هاودەم لەگەڵ کەم بزووتن، زۆر خواردن و خواردنەوەیە، بەتایەتیش ئەو خواردنەوانە.بەپێى داتاکان رێژەى قەڵەوى لە ئەمەریکا لەنێوان ساڵانى 1977-2002 دوو هێند زیادى کردووە، لێکۆڵینەوەى تریش کە لە هەمان ئەو ماوەیەدا کراون، ئەوە دەردەخەن کە رێژەى خواردنەوەى خواردنەوە گازاوییەکان دوو هێند زیاتر زیادى کردووە ، بۆیە لێکۆڵەرەوان ئەمە بە هۆیەکى سەرەکیی ئەو زیاد بوونە دادەنێن.
جێی سەرنجە کە سەرنجڕاکێشرین شتى خواردنەوە گازاوییەکان ئەو گازەیە کە تێیاندایە، زۆربەمان رەنگە ئەوە نەزانین کە ئەو گازە بریتییە لە (دوانۆکسیدى کاربۆن) کە ئەمیش بریتییە لەو گازەى لە رێی هەناسەوە هەڵیدەدەینە دەرەوە. کەواتە ئەو گازەى جەستە وەک پاشەڕۆیەک فڕێی دەدا، ئێمە بەپارە لە رێی دەممانەوە دەرخواردى دەدەینەوە!
شتێکى دیکەى سەیر ئەوەیە کە بە حسێبی خۆمان بەو خواردنەوانە جەستەمان تێراو دەکەین، بێئاگا لەوەى کە بەهۆى ئەو ماددەى (کافاین)ەى تێیاندایە، میز پێکەرن و بەم جۆرەش جەستە وشک دەکەنەوە! هەر ئەو ماددەیە رۆڵى هەیە لە دڵەڕاوکێ و خەو زڕاندا.
ئەو خواردنەوانە رێژەیەکى زۆرى شەکریان تێدایە، کە پێشتر ئەوەمان روون کردبووە شەکر ئەوەندە خراپە بۆ تەندروستى، تەنانەت شێرپەنجەش دەخاتەوە.
یەکێک لە گرینگترین ئەو ئەندامانەى لەش کە بەو خواردنەوانە زیانى بەردەکەوێت ددانە. بەکتریاکانى نێو دەم شەکر بەکار دەبەن و ترشەلۆکى وا بەرهەم دەهێنن کە دەبنە هۆى خورانى ددان و کلۆر بوونى. ئەمە جگە لەوەى کە زۆربەى ئەو خواردنەوانە خۆیان رێژەى زۆر ترشەلۆکیان تێدایە (pHیان نزمە)، کە ئەمەش هۆکارێکى بەهێزى داخورانى ددانە. جا بەپێچەوانەى بۆچوونى زۆر کەس کە دواى خواردنەوەیان ددانیان دەشۆن، بە حسێبى خۆیان بۆ ئەوەى ددانیان کلۆر نەبێ، ئەم کارە دەبێتە هۆى زیاتر رزانى ددانەکانیان، ئەمەش بەهۆى زیاتر بڵاو کردنەوەى ئەو ترشەلۆکانەبەنێو دەمدا.
زۆر خواردنەوەى خواردنەوە گازاوییەکان جگە لەمانە، بە یەکێک لە هۆکانى شەکرە، جەڵتەى دڵ، ئێسک پووکانەوە دادەنرێت.
ئەوانەشیان کە بەنێوى (لایت) یان هى شەکرەدارانەوە دەفرۆشرێن و بە حسێب بۆ تەندروستى خراپ نین، زۆر لەوانى تر خراپترن! چونکە ئەوە نییە شەکریان تێدا نەبێ، بەڵکو شەکرى دەستکردیان تێدایە، کە یەکجار زیانبەخشن.