خۆشەویستی چۆن دروستدەبێت؟
توێژەرانی بواری کیمیای ژیان دەڵێن هەریەکە لە هەستەکانی بینین، بۆنکردن و سەرنجدان، هەموو پەیوەندییان بە هۆڕمۆنەکانەوەیە کە هەستەکان هاندەدەن.
پسپۆڕانی دەروونیش لەبارەی خۆشەویستی دەڵێن پەیوەندی بە نائاگاییەوە هەیە. کاتێك کەسێك لە کەمتر لە چرکەیەکەدا هەست بە خۆشەویستی و عەشق دەکات، چوار بەشی مێشك چالاک دەکات کە دوویان زۆر گەشەسەندوون و دوویان پەیوەندییان بە ئاڵوودەبوونەوە هەیە.
پسپۆڕەکانی کیمیای ژیانی، کارلێكەکانی مێشک لەکاتی هەستکردن بە عەشق بە هاوشێوەی وەرگرتنی یەکەم بڕی کۆکایین دەچوێنن. ئەوکاتەی تێیدا هەریەکە لە دۆپامین، ئۆکسیتۆسین، ئەدیرناڵین و ڤاسۆپرێسین دەردەدرێن.
توێژەرەکانی بواری کیمیای ژیانی دەڵێن لەکاتی ماچکردندا، گەیەنەرە کیمیاییەکان دەردەدرێن، کاتێكیش کەسێك دەیەوێت هاوژینەکەی دیاری بکات و پلانی زۆربوون دابنێت، مێشكی بەگوێرەی سێ بەشی جیاواز کاردەکات.
سەرنجڕاکێشانی رۆمانسیانە بۆ کەسی بەرامبەر، ئەمەش پەیوەندی بە دەردانی بڕێكی زۆر لە دۆپامینی سرووشتی لە مێشكدا هەیە.
ئارەزووی سێکسی کە لەلایەن هۆڕمۆنەکانی پیاوەوە بەڕێوەدەچێت و هەردوو ژن و پیاو بەهۆی رژانی هۆڕمۆنی تێستۆستیڕۆن بەدوای کەسی بەرامبەردا دەگەڕێن.
پەیوەستبوون، ئەوەی وادەکات دوو هاوژین بەیەکەوە بمێننەوە، لەئەنجامی هۆڕمۆنی خۆشەویستی دروستدەبێت کە هۆڕمۆنی ئۆکسیتۆسینە.
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی زانستی، ماچکردن لە کولتوورە جیاوازەکاندا لەلایەن نزیکەی 90%ی هەموو خەڵکی دەکرێت. ئەمەش تەنیا لە مرۆڤدا نییە و ئاژەڵەکانیش رێگەی خۆیان هەیە بۆ ماچ و هاوشێوەکانی.