هۆرمۆنی نێرینە بە كێ بدرێ؟


رووداو - فۆکس نیوز

ئێستا لە وڵاتانی رۆژئاوا، ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوان بیر لە بەکارهێنانی هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) دەکەنەوە بەهیوای ئەوەی ببێتە هۆی زیادکردنی گوڕ و تین، دووربوون لە خەمۆکی و ژیانێکی سێکسیی باشتر.


جۆرناڵی زانستی (The New England Journal of Medicine) دەڵێ ئەو پیاوانەی تەمەنیان 65 ساڵ زیاترە و بۆماوەی یەک ساڵ لەلایەن پزیشکەوە هۆرمۆنی نێرینەیان پێدراوە، هەستیان کردووە توانای سێکسییان زیادی کردووە و میزاجیان باشتر بووە و کەمتر خەمۆک بوون، بەڵام ئایا هەموویان پێویستیان بەو هۆرمۆنەیە؟ بێگومان نەخێر. بۆیە باشترە بەر لەوەی بیر لە بەکارهێنانی هۆرمۆنی نێرینە بکەیتەوە، ئەم خاڵانەت لەپێش چاو بێت:


1- توانای رەپبوونی چووک زیاد ناکات: لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا 30 ملیۆن پیاو گرفتی رەپبوونی چووکیان هەیە، بەڵام پێدانی هۆرمۆنی نێرینە بە دەردی ئەوان ناخوات. چونکە هۆرمۆنی نێرینە ئارەزووی سێکسکردن زیاد دەکات، نەک توانای رەپبوونی چووک.

2- دەبێ بەر لە بەکارهێنانی، پشکنینی خوێن بکەی: بە پشکنینی خوێن دیاری دەکرێ ئاستی هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) لە جەستەدا ئاساییە یان کەمە و تا چەند سوود لە وەرگرتنی هۆرمۆنەکە دەبینی. پشکنینەکە بەشێکە لە پاکێجێک کە پشکنینێکی بەرفراوانی هۆرمۆنەکانی سایرۆید، ئیترۆجین، ئیسترادایۆڵ، پرۆجێستیرۆن، پرۆلاکتین ، تێستۆستیرۆن و پشکنینی خانەکانی خوێنە، بۆ ئەوەى جگە لە ئاستی هۆرمۆنی نێرینە، هۆکارى کەمییەکەشى بزانرێ.

3- بەبێ دەرمانیش بەرز دەکرێتەوە: مەرج نییە هەر کەسێک ئاستی هۆرمۆنەکەی نزم بوو، خێرا رووبکاتە بەکارهێنانی ئەو هۆرمۆنە. هەندێکجار کەمیی ئاستی تێستۆستیرۆن هۆکاری دیکەی هەن، وەک: کەمخوێنی بەهۆی کەمیی ئاسن و کێشە لە رژێنی سایرۆید (غودە) کە بە چارەکردنی ئەوانە، ئاستی هۆرمۆنی نێرینەش بەرز دەبێتەوە. جگە لەوە، هەندێک نەریتی تەندروستانەی وەک رێکخستنی خۆراک، ئەنجامدانی وەرزش و نەهێشتنی گوشاری دەروونی دەبنە هۆی بەرزرکردنەوەی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە لە پیاودا.

4- لێکەوتەی نەخوازراویشی هەیە: بەکارهێنانی هۆرمۆنەکە لە هەندێک کەسدا ئەگەری قەڵەوبوون زیاد دەکات، هەروەک ئاستی هیمۆگڵۆبین زیاد دەکات (خەستبوونەوەی خوێن) ئەوەش ئەگەری کڵۆبوونی خوێن زیاد دەکات کە رێگەخۆشکەرە بۆ جەڵتەی دڵ، مێشک و سییەکان.

5- مەمکی پیاو گەورە دەکات: لە هەندێک کەسدا هۆرمۆنە نێرینەکە دەگۆڕێ بۆ هۆرمۆنی مێیینە (ئیسترۆجین) و ئەوەش مەمک گەورە دەکات. بۆ ئەوەی ئەوە روونەدات، دەرمانی قەدەغەکەری هۆرمۆنی مێیینە بە کەسەکە دەدرێ کە هەندێکجار دەبێتە هۆی ئەوەی کەسەکە هەست بە ماندوویی و لەشداهێزران بکات.

6- بژارەکانی بەکارهێنان جیاوازن: هۆرمۆنی نێرینە بەشێوەی حەب، جێڵ، لەزگە، دەرزی و ئامرازی چێندراو لەژێر پێست هەیە. دەگوترێ حەبەکە لەسەر جگەر قورسە و کرێم و جێڵەکە کاراترن، بەڵام ئەوە بۆ هەمووان هەمان شت نییە و هەر جەستە و یەکێکیان بە دڵخوازی خۆی دەبینێ.

7- سوودی تەندروستی هەیە: ئەگەر زانستانە و لە کاتی گونجاو بەکاربهێنرێ، تێستۆستیرۆن چەندین سوودی تەندروستیی هەیە. بۆ مێشک باشە و ئەگەری تووشبوون بە خەڵەفان کەم دەکاتەوە. هەروەها رۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی تووشبوون بە شەکرە و بەگشتی یاریدەی دابەزاندنی کێش دەدات، ماسولکە گەورە دەکات و هەستی خۆشحاڵی دروست دەکات.

8- دوور نییە ببێتە هۆی نەزۆکی: بەکارهێنانی هۆرمۆنی نێرینە، لەوانەیە ببێتەهۆی پووکانەوەی گونەکان، بەجۆرێک توانای دروستکردنی تۆو و هۆرمۆنی نێرینە لە گونەکاندا کەم دەبێتەوە. ئەگەر بەکارهێنانی هۆرمۆنەکە درێژخایەن بێ، رەنگە ئیدی وا لە جەستەت بکات خۆی بە سروشتی دروستی نەکات.

9 – نابێتە هۆی شێرپەنجە: بەڵگەی زانستی نین دەریبخەن بەکارهێنانی هۆرمۆنی نێرینە دەبێتە هۆی شێرپەنجەی پرۆستات یان گەورەبوونی پرۆستات، بەڵام بەر لە دەستپێکردن بە بەکارهێنانی هۆرمۆنەکە، دەبێ پشکنینی شێرپەنجەی پرۆستات بکەی. چونکە لەگەڵ ئەوەی تێستۆستیرۆن نابێتە هۆی شێرپەنجە، بەڵام ئەگەر خۆت شێرپەنجەی پرۆستاتت هەبێ، ئەوە هۆرمۆنەکە دەبێتە هۆی خێرا گەشەکردن و بڵاوبوونەوەی ئەو شێرپەنجەیە.