رووداو-دەیلی تەلەگراف
توێژەرانی دانیماركی نهێنیی زاڵبوون بەسەر ئەو هەستی برسێتییە بێزاكەرە دەدۆزنەوە كە هۆكارێكی سەرەكی كۆتاییهاتنی رێجیم و گەڕانەوەیە بۆ قەڵەوی، ئەوان دەڵێن ئەگەر رێجیمەكەت بۆماوەی ساڵێك درێژەپێبدەیت و تاكو ئەوكاتە ئارام بگری، ئیدی گۆڕانكاری كیمیایی هەمیشەیی لە جەستەتدا روودەدەن و ئەو ئارەزووەی جارانت بۆ خواردن نامێنێ.
پێشووتر دەركەوتبوو رێجیمكردن دەبێتەهۆی كاردانەوەیەكی جەستەیی، كە تیایدا ئاستی هۆرمۆنی پەیوەست بە برسییەتی بەرزدەبێتەوە و كەسەكە حەزێكی زۆر و نائاسایی بۆ خواردن تیادا درووستدەبێت، ئەوەش دوورنییە ببێتەهۆی كۆتاییهێنان بە رێجیم و گەڕانەوە بۆ كێشە ناتەندروستەكەی جاران.
توێژەرە دانیماریكییەكان بۆیان دەركەوتووە ئەو كەسانەی 12%ی كێشیان دادەبەزێنن و بۆماوەی ساڵێك بەردەوام دەبن لە رێجیمەكەیان، جەستەیان گۆڕانی كیمیایی بەسەردا دێت و دەبێتەهۆی بەزاندنی ئەو سەرسەختییەی جەستە كە بە توندی داوای خواردنی زۆری دەكرد.
یەكێك لە توێژەرەكان لە زانكۆی كۆپنهاگنەوە گوتوویەتی "جەنگان لەدژی برسییەتی زۆر سەختە، وەك جەنگانە لەدژی ماددە ئالوودەكەرەكان..پەنجا ساڵ لەمەوبەر ئەو هەستی برسییەتییە خراپ نەبوو، بەڵام ئێستا كە ئەو هەموو خواردنە لە هەموو كاتەكان بەردەستن، دەبێتەهۆی زۆرخۆری و قەڵەوی".
لە كۆتایی توێژینەوەكەیاندا، توێژەران گوتیان "توانیمان دەریبخەین كە زۆر پێویستە لە بەرامبەر حەزی خواردن خۆمان رادەست نەكەین، چونكە بۆمان دەركەوت ئەگەر ساڵێك خۆڕاگربی و خۆت نەدەی بەدەستەوە، ئیدی دوای ئەوە خۆڕاگری سانا دەبێ".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ