چەند رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە
رووداو- هەولێر
نزیکەی %80ی خانمان لەکاتی سوڕی مانگانەیان تووشی ئازار دەبنەوە، ئەمەش شتێکی ئاساییە بەتایبەت لە یەکەم و دووەم رۆژدا، هەرچەندە ئەم ئازارە لە خانمێک بۆ یەکێکی دیکە جیاوازە، بەڵام نزیکەی %10ی خانمان ئازارێکی توند و نائاساییان هەیە.
ئەمانە چەند رێگەیەکن بۆ کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە:
ئاو بخۆرەوە
لە ماوەی سوڕی مانگانەدا خانمەکە تووشی چەند گرفتێک دەبێتەوە و دیارترینیان ئاوسان و زیادبوونی گازەکانی ریخۆڵەیە، بۆیە خواردنەوەی ئاو یارمەتیدەرە بۆ باشتربوونی نیشانەکانیان. رۆژانە 6-8 پەرداخ ئاو بخۆرەوە.
خۆراکی تەندروست هەڵبژێرە
دووربکەرەوە لە خواردنی شەکر و خۆراکە سوورەوەکراوەکان کە خوێ و چەورییەکی زۆریان تێدایە، لەبری ئەوان ئەو خۆراکانە هەڵبژێرە کە بە دژە هەوکردنەکان دەوڵەمەندن و ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکەنەوە لەوانەش، تەماتە، بیبەر، میوەی بلوبێری، گێلاس و ماسی.
تیشکی خۆر
خۆدانە بەر تیشکی خۆر یارمەتی دروستکردنی ڤیتامین D دەدات، ئەم ڤیتامینە رێگە لە دروستبوونی پرۆستاگلاندینەکان دەگرێت کە ئەوانە هۆکارن بۆ گرژبوونی منداڵدان و دروستبوونی ئازار، هەوڵبدە لە بەیانییەکی زوو کە تیشکی خۆر لە دەرەوەیە 10-15 خولەک خۆت بدە بەر تیشکی خۆر.
خۆت گەرم داپۆشە
گەرمکردنی خاولیەک و دانانی لەسەر سک رێگەیەکی کاریگەرە لە کەمکردنەوەی ئازاری سوڕی مانگانە، ئەم کارە نزیکەی هەمان کاریگەری بەکارهێنانی دەرمانێکی ئازارشکێنە.
وەرزشکردن
ئەنجامدانی چالاکی جەستەیی هۆکارە بۆ دەردانی ئیندۆرفینەکان کە ئەمەش ئازاری سوڕی مانگانە کەمدەکاتەوە، باشترین جۆری وەرزشیش پیادەڕەویکردن یان راکردنە.