نێتفلێکس پەخشکردنی دیمەنەکانی جگەرەکێشان لە فیلمەکانیدا کەمدەکاتەوە


رووداو- هەولێڕ 

ماڵپەڕی نێتفلێکسی تایبەت بە زنجیرە و فیلمە تەلەفزیۆنییەکان بڕیاریداوە، لە ئایندەیەکی نزیکدا پەخشکردنی دیمەنەکانی جگەرەکێشانی ئەکتەرەکان لە فیلمەکانیدا کەمبکاتەوە، چونکە ئەوە وەک هاندانێک بۆ جگەرەکێشان دادەنێن.

ئەو بڕیارەی نێتفلێکس لەکاتێکدایە توێژینەوەیەکی پزیشکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی جگەرەکێشان لە سانفرانسیسکۆ دەریخستووە، رێکلامەکانی جگەرەکێشان لە فیلم تەلەفزیۆنەکاندا پاڵنەری بەهێزی خەڵکین بۆ جگەرەکێشان.

بەپێی توێژینەوەیەکی پزیشکانی سەنتەری کۆنترۆڵکردنی بەرهەمەکانی نیکۆتین کە لەسەر دوو هەزار کەس ئەنجامدراوە و لەدوای شرۆڤەکردنی داتاکانی بەشداربووان پزیشکان بۆیان دەرکەوتووە، ئەوانەی تەماشای رێکلام و دیمەنەکانی جگەرەکێشان لەنێو فیلمەکاندا دەکەن سێ هێندە زیاتر لەبارن بۆئەوەی لە داهاتوودا جگەرەبکێشن.

مایکڵ تینان، پسپۆڕی تەندروستی کۆمەڵ لە ئەمریکا لە سەنتەری کۆنترۆڵکردن و رێگرتن لە نەخۆشییەکان دەڵێت، ئەوە هەنگاوێکی باش و کاریگەرە بۆ دووربوونی خەڵکی لە جگەرەکێشان، چونکە ئەو دیمەنانەی فیلمێک کە تێیدا ئەکتەرەکان جگەرە دەکێش پاڵنەرێکی بەهێزن بۆ ئەوەی گەنجان و نەوجەوانان روو بکەنە جگەرەکێشان.

پسپۆڕەکەی تەندروستی کۆمەڵ روونیدەکاتەوە، کەمکردنەوەی جگەرەکێشان لە فیلمەکاندا رێگەیەک دەبێت بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی ژمارەی جگەرەکێشەکان و رێنمایش دەداتە دایک و باوکان بەوەی بەم رێگایانە منداڵەکانیان لە جگەرەکێشان دووربخەنەوە:

- نەکێشانی جگەرە لەلایەن خودی باوانەوە

- ئاگادارکردنەوەی منداڵەکان لەبارەی زیانەکانی نیکۆتین لەنێو جگەرەدا

- رێگەمەدە کەس لەنێو ماڵەکەت جگەرە بکێشێت، هەوڵدە ئەو ژینگەیی تێیدا دەژی لە جگەرە دووربێت

ماڵپەڕی نێتفلێکس لە ساڵی 1997ـەوە دامەزراوە، رێگە بە بەکارهێنەرانی دەدات بەشێوەیەکی ئۆنلاین لەرێگەی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانەوە و بە دروستکردنی هەژماری تایبەت لەسەر ئەو ماڵپەڕە سەیری فیلم و زنجیرەکان بکەن.

داڕشتنەوە؛ بڕوا کیانی