سەندیکایەک بۆ بەرگری لە نەخۆش


گلەیی خەڵک لە وەزارەتی تەندروستی و دادگاکان ئەوەیە کەدەڵێن ئەگەر سکاڵاش تۆمار بکەن دژی حاڵەتێکی نەخوازراوی پزیشکی، لە هەموو دۆخێکدا پزیشک براوە دەبێت.

سەندیکا پزیشکییەکان بوون یان نەبوونیان وەک یەکە. مەبەستم لە سەندیکای پزیشکان و پزیشکانی ددان و دەرمانسازانە. لەڕاستیدا ئەوان بۆ خزمەتکردن و بەرگریکردن لە پزیشکان دروستبوون، بەڵام جگە لەوەی خزمەت بە پزیشکان ناکەن، ئەگەر کارا بوونایە، لەڕێگەی رێکخستن و جێبەجێکردنی یاساوە، دەیانتوانی ناڕاستەوخۆ گەورەترین خزمەت بە خەڵک و نەخۆش بکەن. 

وەزیری تەندروستی چەند رۆژ جارێک لیستێک لە نرخی دەرمان بڵاودەکاتەوە لە فەیسبووکەکەیەوە، وەزیر لەڕووی زمانەوانییەوە هەڵەیە، چونکە لە دواهەمین جاردا گوتوویەتی: لیستی چوارەم و پێنجەمی دیاریکردنی نرخی دەرمان کەوتە بازاڕ، بەڵام جەنابی وەزیر ئاگای لێ نییە هێشتا لیستی یەکەمیش نەگەیشتووەتە دەرمانخانەکان.

بەویژدانەوە گەیاندنی ئەو نرخانە بە دەرمانخانەکان کاری وەزیر نییە، ئاخر خۆ ئەو ماتۆڕی گەیاندنی پیتزای پێنییە تا لیستەکان بگەیەنێتە دەرمانخانەکان.

 ئەو لە دێڕی دووەمدا هەڵەکەی خۆی راستکردووەتەوەو دەڵێ، لیستەکان رەوانەی سەندیکای دەرمانسازانی کوردستان کرا. ئەوە سەندیکایە کە هێشتا بە سیستمی سەردەمی خەلیفە و سوڵتانەکان کاردەکات. خۆ لەسەر پشتی کیسەڵیش ناردبای دەبوو ئێستا ئەو نرخانە گەیشتبانە دەرمانخانەکان. ئینجا ئەوە توانای سەندیکا بێت بۆ گەیاندنی نرخەکان، ئەی دەبێ چەند توانای هەبێت بۆ لێپرسینەوە لێیان!

پزیشک هەیە رۆژانە نزیکەی ١٠٠ نەخۆش دەبینێت، بەڵام شوێنی دانیشتنی ٢٥ نەخۆشی هەیە. وەکو پاسی مەسڵەحە دەبێت هەندێک بەپێوە بوەستن. ئەوە جگە لەوەی هەندێک شوێنی چاوەڕێکردنی نەخۆش هەر لە ساوناو ژووری هەڵم دەچێت. لەوەش خراپتر ئەوەیە کە پسپۆڕیی پزیشکەکە هەناسە بێت. ئیتر سەندیکای پزیشکان هەبێت یان نەبێ چییە!

لە سەندیکای پزیشکی ددان، ئەگەر مۆڵەتی کردنەوەی کلینیکیان لێوەرگریت، ساڵی جارێک دەڵێن وەرە نوێی بکەرەوە. ئەگەریش مۆڵەتیان لێوەرنەگری، ئەوە کاریان بەسەرتەوە نییەو سەری گوێدرێژ بکە بە کونی دەرزییا بۆ ئەوان جێی بایەخ نییە. ئەوەش بابەتیکی دیکەیە ددانسازەکان رۆژ دوای رۆژ زیاد دەکەن و پەیمانگەیەکی پێگەیاندنی ددانساز کراوەتەوە.دەڵێن هێندەی ژمارەی خوێندکارەکانی مامۆستای هەیە. سەندیکاش مێشێک میوانی نییە.

جگە لە بێسوودیان، سەندیکا پزیشکییەکان لەڕووی یاساییشەوە لەژێر پرسیاردان. چەندین ساڵە هەڵبژاردنیان نەکردووەو  هەر بە کوڕی باشە و ئەو شتانە بەڕێیدەکەن. خۆ کێشەی ئەم هەرێمە هەر پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە. ئەوەتا سەندیکای پزیشکان و پزیشکانی ددانیش چەندین ساڵە رێکناکەون، هەڵبژاردنێک بکەن. 

ئیتر لەولاوە هەندێک پزیشکی هەلپەرست و هەندێکی دیکەی بێگانە، بە ئارەزووی خۆیان بارودۆخەکە لە بەرژەوەندی گیرفانیان بەکاردەهێنن، بێئەوەی رێکخراوێک یان سەندیکایەک هەبێت بەرگری لە مافی نەخۆش بکات و ئەگەر لێی قەوما پەنای بۆ ببات، کاتێکیش نەخۆش سکاڵا لە دادگا دەکات، ئەو لیژنەیەی بۆی دروستدەکرێت هەمان دەردی هەموو لیژنەکانی دیکەی هەیە و هەموو جار لە بەرژەوەندی لایەنێک بریار دەدات، لە نەبوونی سەندیکا پزیشکییەکاندا زۆر جار پزیشکانی خاوەن ویژدان دەبنە قوربانی هەڵوێستە مرۆڤانەکانیان، بە داخەوە هیچ کاتێک وەک ئێستا چاودێری و لێپرسینەوە هێندە هەتیو نەبووە!