هۆکارەکانی دواکەوتنی سووڕی مانگانە

رووداو- هەولێر 

بۆ زۆربەی خانمان دواکەوتنی سووڕی مانگانە زۆر هەستبڕە، بەتایبەت ئەگەر خانمەکە خۆی پێشتر سووڕی مانگانەی رێک بووبێت و ئێستا لەناکاو تووشی ئەم حاڵەتە بووبێت. 

هەندێکجار دواکەوتنی سووڕی مانگانە، بۆ ژنان دڵخۆشکەرە و هۆکارەکەی دووگیانییەکی چاوەڕوانکراو یان نەکراوە. بەڵام هەندێكجار گرفتەکەی جیاوازە و رەنگە هۆکارێكی تەندروستی لەدواوە بێت. 

لە بڵاوترین هۆکارەکانی بریتین لە: 
1- گووشاری دەروونی:

گووشاری دەروونی و دڵەڕاوکێی رۆژانەی درێژخایەن، هۆکارە بۆ تێکچوونی سووڕی مانگانە، بەجۆرێك رەنگە ببێتەهۆی دواکەوتن، پێشخستن، کەمخایەن و درێژخایەندنی سووری مانگانە، هەروەها هەندێکجار دەبێتەهۆی ئازاری سووڕی مانگانە، بۆیە باشترین چارەسەر بۆ ئەم گرفتە لەمکاتەدا بریتییە لە وەرزشکردن و خەوی ئارام، بەمەش گوشارەکە کەمدەبێتەوە و سووڕی مانگانە رێکدەکەوێتەوە. 

2- پێش دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی

تەمەنی نائومێدی ئەو کاتە دەستپێدەکات کە خانمان لە تەمەنی 45-50 ساڵیدا سووڕی مانگانەیان بۆماوەی 12 مانگ نامێنێت و پێی دەگوترێت تەمەنی نائومێدی. 
بەشێك لە خانمان بۆماوەی 5-15 ساڵ پێش تەمەنی نائومێدی سووڕی مانگانەیان ناڕێك دەبێت، کە هۆکارەکەی کەمبوونەوەی رێژەی ئیسترۆجینە لە جەستەدا. 

3- دابەزینی کێش
دابەزینی کێشێکی زۆر و وەرزشی قورس دەبێتەهۆی نەمانی سووڕی مانگانە، چونکە لاوازبوونی زۆر و کەمبوونەوەی رێژەی چەورییەکان لە جەستە، هۆکارە بۆ گۆڕانی رێژەی هۆڕمۆنەکان لە جەستەدا و هەندێکجار تەنانەت سووڕی مانگانە نامێنێت و هێلکە دروستنابێت. 

4- قەڵەوی
قەڵەوی هاوشێوەی دابەزاندنی کێشی زۆر دەبێتەهۆی نەمانی سووڕی مانگانە، زۆرکات قەڵەوی هۆکارەکەی هەبوونی گرفتێکی تەندروستییە، لە بڵاوترینیان فرەکیسی هێلکەدانە، کە پێویستە لەلایەن پزیشكی پسپۆڕ چارەسەربکرێت. 

5- رێگەکانی پێشگیریکردن لە منداڵوون
هەندێك لە حەبەکانی رێگریکردن لە منداڵبوون، سووڕی مانگانە ناهێڵن و دوایدەخەن، چونکە ئەمانە هۆڕمۆنیان تێدایە و دەبنەهۆی نەهێشتنی هێلکەدانان، بۆیە لەم کاتەدا دەبێت بە راوێژی پزیشك حەبەکان بەکاربهێندرێن و چارەسەرەکەیشی لەدەستی پزیشكە. 

6- تێکچوونی هۆڕمۆنەکان
بەرزبوونەوەی هۆڕمۆنی پرۆلاکتین کە هەندێكجار بەهۆی گرێیەکی ژێرمێشکە رژێن، یان لەدوای منداڵبوون دروستدەبێت و دەبێتەهۆی دەردانی شیر و نەمانی سووری مانگانە، بۆیە لەم کاتەدا پزیشك داوای پشکنینەکانی هۆڕمۆنی لەرێگەی خوێن دەکات و بەپێی حاڵەتەکان پزیشك بە دەرمان یان رێگەچارەی دیکە گرفتەکە بۆ ئاسایی دەگێڕێتەوە. 

7- کیسی هێلکەدان
یەکێكە لە بڵاوترین گرفتەکانی خانمان بەتایبەت لە تەمەنی زایەندی و دەبێتەهۆی دواکەوتنی سووڕی مانگانە و چەندین نیشانەی دیکەشی هەن وەک دروستبوونی زیپکەی رووخسار، قەڵەوبوون، مووزی زیادەی رووخسار و قژهەڵوەرین. ئەمانە حاڵەتێكی سەلامەتن ئەگەر چارەسەر بکرێن و کۆنتڕۆڵبکرێن، بەڵام ئەگەر کەسەکە چارەسەری وەرنەگرت، ئەوا مەترسی شێرپەنجەی هێلکەدان زیاددەکەن. 

8- دووگیانی
ئەمەیان هەواڵە دڵخۆشکەرەکەی بەشێك لە خانمان و پیاوانە، زۆربەی خانمان دوای بەکارهێنانی دەرمانەکانی رێگریکردن لە منداڵبوون، گوومانیان بۆ دووگیانی ناچێت، بەڵام دەبێت ئەوە بزانن کە ئەم رێگەیە 100% کاریگەری نییە و هەر ئەگەری منداڵبوون هەیە، بۆیە پێویستە پشکنینی ماڵەوە ئەنجامبدرێت بۆ پشکنینی منداڵبوون لە تەمەنی چالاکی سێکسی خانمان، یان سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکرێت.